بەتێكرای دەنگی دەستەی گشتی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان،داوای زیادكردنی مینحەی لیژنەی ئۆلۆمپی كرا
18 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)-پێشنیوەرۆی ئەمرۆ 17-9-2012 لە هۆڵی هۆتێل چوارچرا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی سەلاح حەسەن خەسرۆ سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان و سەلاح محمد كەریم جێگری سەرۆك و د.ئالان قادر ئەمینداری گشتی و د.سەرهەنگ عەبدولخالق و حەربی خالید و تاهیر عەزیز ئەندامانی كۆمیتەی تەنفیزی كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ سەرجەم یەكێیتە وەرزشیەكان بەرێووەچوو.
سەرەتا سەلاح حەسەن خەسرۆ سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان كورتە باسێكی سەبارەت بە كاروچالاكیەكانی لیژنەی ئۆلۆمپی لە ماوەی رابردوو باس كرد،گرنگترینیان دروست كردنی بینای لیژنەی ئۆلۆمپی،دانیشتن لەگەڵ لیژنەی ئۆلۆمپی عێراق و سەردان كردنی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو.
پاشان د. ئالان قادر ئەمینداری گشتی دەربارەی كۆبوونەوەكە روونكردنەوەیەكی ووردی پێشكەش كرد تیایدا باسی لە هەماهەنگی نێوان لیژنەی ئۆلۆمپی و وەزارەتی رۆشنبیری ولاوانی كرد،كە دەبێتە هەوێنێك بۆ زیاتر خزمەتكردنی وەرزش لە هەرێمی كوردستان.
دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە حەربی خالید ووتەبێژی رەسمی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان رایگەیاند"
كۆبوونەوەكە دوو تەوەری سەرەكی لە خۆی گرت،یەكەمیان یاسای یەكێتیە ناوەندیەكان وەرزشیەكان بوو كە لەلایەن كۆمەلێك پسپۆرەوە داریژرابوو،نێردرابوو بۆ یەكێیتە وەرزشیەكان و پاشان گەراێندرایەوە بۆ لیژنەی ئۆلۆمپی،لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ ئەم یاسایە پەسەندكرا دوای هەمواركردنی چەند سەرنج و تێبینیەكی یەكێیتە وەرزشیەكان،ئەمەش ئەوە دەگەێنێت یەكێیتە ناوەندیەكان یاسای تایبەت بە خۆیان دەبێت لە سایەی ئەوەشدا دەتوانن كاروچالاكیەكانی خۆیان ئەنجام بدەن.
ووتەبێژی رەسمی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان ووتیشی"تەوەری دووەمی دانیشتنەكەی ئەمرۆ تایبەت بوو بە فۆرمێك كە لەلایەن د.ئالان قادر ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆلۆمپی ئامادەی كردبوو،ئەم فۆرمەش بۆ دوو مەبەست بە كاردێت،یەكەمیان بۆ بەشداری كردنی یانەكان لە خول و پاڵەوانێتیەكانی هەرێمی كوردستان و گەرانەوەیان بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ ئەوەی لە سەر بناغەی ئەو فۆرمە وەزارەت مینحە و هاوكاری بۆ یانە وەرزشیەكان دابین بكات،دووەمیش بۆ ئەرشیف كردنی خول و پاڵەوانێتیەكان و ریزبەندی یانەكان و یاریزانان و راهێنەران و ناوبژیوانان، كە بۆ ئاییندەی وەرزشی هەرێمی كوردستان دەبێتە دیكۆمێنتێكی گرنگ بۆ داهاتووی وەرزشی هەرێمی كوردستان.
حەربی خالید ووتیشی" سەرجەم ئامادەبوان بۆچوون و تێبینی و پێشنیاریان لە بارەی كاروچالاكیەكانی یەكێیتە وەرزشیەكان و لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان خستە روو و هیوای ئەوەشیان خواست لە ساڵی ئایندە لیژنەی ئۆلۆمپی زیاتر كاروچالاكیەكانی بەرەو پێشتر ببات،بە تێكرای دەنگی دەستەی گشتی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان و یەكێیتە ناوەندیە وەرزشیەكان داوایان لە لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد:
1-پەلەكردن لە پەسەند كردنی یاسای لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان.
2-زیادكردنی مینحەی لیژنەی ئۆلۆمپی بە ئامانجی زیاتر پێشخستنی یەكێیتیەكان ناوەندیە وەرزشیەكان بە مەبەستی ئەنجامدانی پاڵەوانێتی و خول و بەشداری كردنی هەڵبژاردەكانی كوردستان لە پاڵەوانێتی و خولەكانی دەرەوەی هەرێم.
لە كۆتایشدا سەردار حەیدەر كەوەك نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان وەڵامی سەرجەم ئەو
تەوەر و سەرنجانەی دایەوە كە پەیوەست بوون بە كاری وەزارەتەكەیانەوە.