بەرشە پێشەنگە و ریال بەردەوامە لە دۆڕاندن

بەرشە پێشەنگە و ریال بەردەوامە لە دۆڕاندن
یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید له‌ له‌ده‌ستدانی خاڵه‌كان و تۆماركردنی مێژووی پێچه‌وانه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌یش پاش ئه‌وه‌ی له‌ هه‌فته‌ی چواره‌مدا تووشی دۆڕانێكی دیكه‌ هات.

له‌ هه‌فته‌ی چواره‌می خوولی ئیسپانی ئه‌م وه‌رزه‌دا، یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید ڕیكۆردێكی نوێی له‌ خراپترین ده‌ستپێكردنی وه‌رزدا تۆمار كرد، ئه‌وه‌یش پاش ئه‌وه‌ی له‌ چواری یاریدا ته‌نها 4 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و دوو یاری له‌سه‌ریه‌كیشی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی دۆڕاندووه‌.

ئه‌م مێژووه‌ نوێیه‌ی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ به‌ گۆڵێك به‌رانبه‌ر به‌ یانه‌ی سیڤیلیه‌ دۆڕا، گۆڕاكه‌یش له‌ ده‌قیقه‌ی دووه‌می یارییه‌كه‌دا تۆمار كرا.

به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی ڕیاڵ مه‌درید، هیچ كاتێك كه‌ 6 خاڵ له‌دوای پێشه‌نگه‌وه‌ بووبێت نه‌یتوانیووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و نازناوه‌كه‌ بباته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا پاش تێپه‌ڕبوونی ته‌نها 4 هه‌فته‌ جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی پێشه‌نگدا 8 خاڵه‌.، كه‌ ئه‌ویش له‌ ئاسته‌ به‌رز و جێگیره‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌ و له‌ چواره‌مین یاریدا توانی به‌ ئه‌نجامی 4 گۆڵ به‌رانبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ یانه‌ی خیتافی بباته‌وه‌ و چواره‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌ك تۆمار بكات.

ئه‌م ئاست و ئه‌نجامه‌ خراپه‌ ده‌سته‌ی كارگێڕی و ڕاهێنه‌ر و هانده‌رانیشی نیگه‌ران كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ پاش ته‌واوبوونی یارییه‌كه‌ ڕاهێنه‌ر (جۆزێ مۆرینهۆ) گووتی ئه‌گه‌رچی كه‌شه‌نگی و ماندووبونی یاریزانه‌كان به‌هۆی یاریكردن له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كانیان هۆكاری دۆڕانه‌كه‌مان بوو، به‌ڵام ده‌بێت یاریزانه‌كان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات، ئه‌وا مێژوویه‌كی پێچه‌وانه‌ تۆمار ده‌كه‌ین و دوور نییه‌ بۆ پله‌ دوو، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژووی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریددا دا ببه‌زین.

هه‌روه‌ك گوتیشی پار له‌ كۆی 38 یاری ته‌نها 2 یاریمان دۆڕاند، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌ كۆی 4 یاری دوو یاریمان دۆڕاندووه‌، ئه‌مه‌یش مایه‌ی نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌یه‌ و هه‌موومان ده‌بێت هه‌وڵی چاره‌كردنی بده‌ین.

جێگه‌ی باسه‌ ئه‌م دۆڕانه‌ كاریگه‌ره‌ی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ شه‌وی سێشه‌ممه‌ میوانداری یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی ئینگلیزی، له‌میانه‌ی گه‌ڕی یه‌كه‌می چامپیۆنس لیگ دا، ده‌كات.
Top