محەمەد خۆشناو: لە كوردستان بۆ دەستنیشانكردنی باشترین یاریزان و راهێنەر هیچ پێوەرێك نییە

محەمەد خۆشناو: لە كوردستان بۆ دەستنیشانكردنی باشترین یاریزان و راهێنەر هیچ پێوەرێك نییە
خۆشناو ناوێكە بەهیچ شێوەیەك لەبیر ناكرێ، مێژووییەكی پرشنگداری لە تۆپی پێ هەیە، توانیویەتی بە ئاستی بەرز ناوی خۆی لە نێو ئەرشیفی ئەستێرەكان تۆمار بكات و وەكو یاریزان ماوەی دوو وەرزە چووەتە بواری مەشق و راهێنان، لەوەشیان توانی سەربكەوێ. لە وەرزی پارساڵ لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان پلەی یەكەمی وەرگرت و ئەمساڵیش لەسەر ئاستی لاوان توانی نازناوی خولی یانە پلە نایابەكان بە دەست بهێنێ. ئێمەش لەم روانگەیەوە بە باشمانزانی بیكەینە میوانی فایلی وەرزشی و ئەم دیمانەی لەگەڵدا سازبكەین.


* هەست بە چی دەكەی بۆ ساڵی دووەم تیپەكەتان توانی پلەی یەكەم بە دەست بهێنێت؟
- لای من شتێكی زۆر گرنگ و خۆش بوو، بەر لە دەستپێكی خولەكە بڕیارمدا بوو كە واز لە راهێنەرایەتی بهێنم و خۆشیەكەش لەوەی بوو پلەی یەكەمم بە دەستهێنا و وازم لە راهێنەرایەتی هێناو بوومە سەرپەرشتیاری هەردوو تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوان.
* قسە و باس دەكرێت كە زۆر لە یانەكان ساختەكاری لە تەمەنی یاریزانەكان دەكەن، وەڵامی تۆ چییە؟
- ئەوە شتێكی باوە لە زۆربەی زۆری یانەكان، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ناتوانێ كۆنتڕۆڵی ئەم دیاردەیە بكات، چونكە داوا لە یانەكان دەكات خۆیان (صورە قیدی) یاریزانەكان بهێنن، ئینجا هەر چۆنێك بێت هەوڵی ساختەكاری دەدرێت، پێم باشە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە هەر شارێك لیژنەیەك پێكبهێنێت خۆیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناسنامە و باری شاریستانی بكەن بۆ دڵنبابوون لە تەمەنی یاریزانەكان و رێگە لەوانە بگرن كە چاویان لە ساختەكارییە.
* بە رای تۆ سزای ئەو راهێنەرەی ساختە لە تەمەنی یاریزانەكان دەكات چۆن بێت باشە؟
- سزای تا هەتایی بدرێت و نەهێڵن چیتر راهێنەرایەتی بكات.
* ماوەی دوو ساڵە پلەی یەكەم وەردەگرن، دەكرێ بزانین چەند یاریزانتان داوەتە تیپی یەكەمی یانەی هەولێر؟
- وەرزی پارساڵ لە تازەپێگەیشتووان پلەی یەكەمم بە دەستهێنا، توانیم 12 یاریزان بدەمە لاوان و ئەمساڵیش 5 یاریزانم داوەتە تیپی یەكەم.
* یارییان پێدەكەن؟
- لە هەموو یانەیەك وایە، كە یاریزانێكی لاو پێوەندیان پێوە دەكات دەبێ ساڵێك لە تاقیكردنەوە دابێت تا شارەزاییەكی تەواوی دەبێت و سەیری یارییەكان بكات، مەرج نییە ئەو یاریزانە یاری بكات.
* بە رای تۆ رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵات لە یاریگا بێت باشترە یان بەمشێوەیەی كە یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان دابەشیكرد؟
- شتێكی خەراپ نەبوو، بەڵام گەر سەیری جیهان بكەین لە كاتی یارییەكە و گەرماو گەرم خەڵاتەكان دابەش دەكرێن، ئەمەش تاموچێژی خۆشترە.
* دەڵێن خۆشناو زوو وازی لە یاریكردن هێنا؟
- زوو نەبوو، تەمەنم گەیشتە 35 ساڵی، هەر یاریزانێك وا باشە لە لووتكە بێت وازبهێنێ تا كەسایەتی و قورسایی خۆی لە دەست نەدا.
* خۆت بە قەرزاری كێ دەزانی؟
- خۆم بە قەرزاری هەموو جەماوەری شاری هەولێر دەزانم بە تایبەتی شەهیدی سەركردە مامۆستا فرەنسۆ هەریری و هەروەها قەرزاری كاك مەحمود عەزیزم، چونكە یەكەم راهێنەر بوو كە مەشقی بە مندا.
* ئەو وەرزشوانە و یان وەرزش دۆستەی لە یادی ناكەیت؟
- تەنیا شەهید فرەنسۆ هەریریە.
* خەڵكانێك دەڵێن محەمەد خۆشناو لە ئەنجامی یاری دەترسێ، بۆیە لە یارییەكان گۆڕانكاری وەكو پێویست ناكات؟
- ئەمە راست نییە، چونكە لە سەرەتای خولەكە تەنیا شێوازی هێرشبەریم پەیڕەو كردووە و بگرە لە دەرەوەی یاریگای خۆشمان بە پلانی (3-4-3) یارییم كردووە، كە ئەمەش پلانێكی هێرش بردنە لە هەردوو خولی تازەپێگەیشتووان و لاوانیش بەهەمان شێوە یارییم كردووە.
* ئەو كات و ساتە ناخۆشەی كە لە وەرزش تووش هاتووی؟
- شەهیدكردنی فڕەنسۆ ناخۆشترین ساتی وەرزشیم بوو.
* لەگەڵ هێنانی یاریزانی دەرەوەیت؟
- لەگەڵ هێنانی یاریزانم، بەڵام نەوەك بەم راددەیە 14 - 15 یاریزان بهێنێت و رێگە بە یاریزانی خۆمان نەدرێ یاری بكەن، بە رای من 5 - 6 یاریزان بهێنن باشە.
* مانای ئەوەیە بوونی ئەم هەموو یاریزانانە لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر نییە؟
- ئەمە لە بەرژەوەندی یاریزانی هەولێر و كوردستان نییە، گەر تۆ 14 - 15 یاریزانت هێنا كە هەموویان ئەستێرە بوون، مانای ئەوەیە رێگە بە یاریزانی خۆمان نادرێ یاری بكەن.
* تاریق، سەڵاح، فازیل، سەركار، پشتیوان، خۆشناو.. تاد جارێكی دیكە ئەم یاریزانانە دووبارە دەبنەوە؟
- لەسەر یاریزان پەیوەستە، نەوەی ئێستا گرنگی زیاتر بە پارە دەدا، بیر لە خۆی ناكاتەوە وەكو ئەستێرەیەك بێت و باش یاری بۆ جەماوەر و یانەكەی بكات، پارەش بۆتە هۆكارێك كە ئەم جۆرە یاریزانانەی ناوت هێنان دروست نەبنەوە.
* هۆكاری چییە جەماوەر لە یارییەكان وەكو پێویست ئامادە نابن؟
- دەگەڕێتەوە زۆری یاریزانانی دەرەوەی شار، كە بۆ یانەی هەولێر یاری دەكەن، ئێمە كە یارییمان دەكرد چەند هەزارێكی دیكە بەهۆی پشتیوان هەندێكی دیكەش لەبەر یاریزانەكانی دیكە دەهاتن، ئێستا خەڵك دەیەوێ نەوەی خۆمان ببینێ، لەگەڵ رێزم بۆ یاریزانە عەرەبەكان، بینی یارییەكان هیچ تاموچێژێكی لە لای جەماوەر نەماوە.
* چی دەڵێت كە تۆ یەكەمی كوردستان بوویت و نازناوی باشترین راهێنەرت بەرنەكەوت؟
- ئەمە ساڵی یەكەم نییە ئەم شتە روودەدات لە وەرزی پارساڵ لە تازەپێگەیشتووان یەكەم بووم لەم نازناوە دوورخرامەوە، نەمزانیوە یانەیەك لە پلەی دوانزەمین بێت و باشترین راهێنەر بێت، لەسەر خۆم قسە ناكەم ئەی یانەی خاوەن پلەی دووەم و یان پلەی سێیەم نازانم بە چ پێوەرێك راهێنەرێك هەڵدەبژێرن، نابێ ئەم شتانە بكرێ و دڵی ئەم و ئەو رازی بكەیت، بەڕاستی دەبێ پێوەر هەبێت بۆ دەستنیشانكردنی یاریزان و راهێنەر .. تاد بەڕاستی گلەییەكی زۆریان لێدەكەم.
* گەر شتێكت ماوە بیڵێیت؟
- هیوادارم لە وەرزی داهاتوو زیاتر گرنگی بە خولی لاوان و تازەپێگەیشتووان بدرێت و راهێنەرەكان دووربن لە كاری ساختەكاری تا بتوانین بە هەموو لایەك وەرزش لە كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین.
Top