لە رۆژی جیهانی منداڵان: ئایا منداڵە وەرزشوانــــــــەكانی كوردستان خەونەكانیان دێتە دی
سەرەتا یاریزان مەتین عومەر تەمەن 15 ساڵ وتی: یاریزانی قوتابخانەی منداڵانی هەولێرم، لەم رۆژە پیرۆزەدا پیرۆزبایی لەسەرجەم منداڵانی جیهانی بە گشتی و منداڵانی كوردستان بە تایبەتی دەكەم، ئاواتم ئەوەیە لە كوردستان زیاتر بایەخ بە وەرزشی منداڵان بدرێت و پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكرێت و خولی بەردەواممان بۆ بكرێتەوە و جلوبەرگی وەرزشی باشمان بۆ دابین بكرێت.
پاشان یاریزان ئیبراهیم محەمەد تەمەن 13 ساڵ هاتە ئاخاوتن و وتی: وەكو وەرزشوانێكی منداڵ لە رۆژی جیهانی منداڵان هیوادارم هاوكارییەكی تەواو بكرێین، راستە وەرزش لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری دەكرێت، بەڵام دەبێت منداڵانی كوردستانیش لەو هاوكارییە بێبەش نەبن و یاریگای داخراو و شوێنی تایبەتی منداڵان بكرێتەوە، هەروەها خولی بەردەواممان بۆ بكرێتەوە و كادیری بە توانامان بۆ بهێنن و بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی جیهانی بكەین، هەندێك كەموكوڕیمان هەیە ئەویش نەبوونی پاسی هاتووچۆ، ئاواتم ئەوەیە قوتابخانەی یانەی هەولێر ببێتە پێشەنگ بۆ پێگەیاندنی یاریزان.
دواتر یاریزان چالاك عەبدولغەنی سوڵتان تەمەن 16 ساڵ وتی: وەكو یاریزانێكی منداڵ، كە تازە هاتوومە نێو یاریگا لەو رۆژە پیرۆزەوە دەنگم بۆ بەرپرسان بەرز دەكەمەوە، كە هاوكاریمان بكەن و پێداویستیەكانمان بۆ دابین بكەن لە یاریگا و جلوبەرگ و تۆپ و پێداویستییەكانی هاتووچۆ، كە زۆر گرنگە، چونكە زۆربەی یاریزانەكانمان هەژارن و بژێوی ژیانیان باش نییە، بۆیە هیوادارم گوێیان لە دەنگمان بێت و ئاواتەكانمان بهێننە دی.
پاشان یاریزان كرێكار كامەران عومەر تەمەن 14 ساڵ وتی: هیوادارم وەكو منداڵانی جیهان سەیر بكرێین، وەرزش چی لە بوارەكانی دیكە كەمتر نییە، بەڵكو لە جیهان بە پلە یەك بایەخی پێی دەدرێ، منیش لەم رۆژە پیرۆزە ئاواتم ئەوەیە منداڵانی كوردستان دەرگەیەكیان لێبكرێتەوە، كە بتوانن توانای خۆیان پێشكەش بكەن، داواش دەكەم پێداویستیەكانی هاتووچۆمان بۆ ئامادە بكەن و مووچە و خواردنمان بۆ دابین بكرێت و ئاواتم ئەوەیە ئەم قوتابخانەیە هاوكاری بكرێت و یاریگایەكی مۆدێرنی بۆ دروست بكرێت.
لە كۆتاییدا یاریزان بێجان محەمەد شوكر تەمەن 13 ساڵ وتی: لەو رۆژە خۆش و پیرۆزە ئاواتە خوازم بەرپرسان زیاتر بایەخ بە منداڵان بدەن، چونكە هەر ئێمەین دەبینە یاریزانی دواڕۆژی ئەم كوردستانە و حەز دەكەین وەكو منداڵانی جیهانمان لێبێت، لە میدیاكان دەبینین چۆن بایەخ بەمنداڵان دەدرێت لە گشت بوارەكان، جا هیوادارم تەنیا لەم رۆژە ئێمەیان بە بیر نێتەوە، چونكە گرنگیدان بە منداڵ گرنگیدانە بە وڵات و نیشتمان، هەر ئێمەین نەوەی دواڕۆژی ئەم كوردستانەین، بە دڵنیاییەوە گەر بە تەواوی هاوكاری بكرێین، بۆ دوای چەند ساڵێكی دیكە یەك یاریزانی دەرەوە لە تیپەكانمان نابینین، لە گشت یارییەكان بگرە لە تۆپی پێ و باسكە و بالە و ئەوانی دیكەش، هیوادارم زیاتر گرنگیمان پێبدەن یاریگامان بۆ دروست بكەن و پاسی هاتووچۆمان بۆ ئامادە بكەن و جلوبەرگ و پێداویستییەكانی دیكەمان بۆ دابین بكرێت، هەروەها ئێمەی منداڵ پێویستمان بە مەلەوانگەیەك هەیە كە بتوانین دوای هەر یارییەك یان مەشقێك خۆمان پاك بكەینەوە.