گوڵستان مەحمود یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ ئۆڵۆمپیاتی 2012 پاڵێوراوە

گوڵستان مەحمود یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ ئۆڵۆمپیاتی 2012 پاڵێوراوە
گوڵستان یەكێك لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی كوردستان و عێراقە، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1991ی شاری هەولێرە،پێشتریش بۆ یانەكانی ئارارات و ئاڵا و هەولێر یاری كردووە وچەندین ملوانكەی لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ئاسیا و عەرەبی بەدەست هێناوە، لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەسەر ئاستی عەرەب بۆ لاوان توانی دوو ملوانكەی زێڕ و زیو بەدەست بهێنێ،لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی سازدا.

*هۆكاری جێهێشتنیت لە یانەی هەولێر بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
-لەبەر گۆڕینی راهێنەر بوو، یانەی هەولێر رێگەی نەدا راهێنەری خۆم بگۆڕم، بۆیە ناچار بووم یانەی هەولێر جێبهێڵم.
* نەترسای یانەی هەولێر سزات بدات؟
-نەخێر، چونكە هیچ بۆندێك لە نێوان من و یانەی هەولێر نەبووە تاكو سزا بدرێم، ئێستاش رازیم بگەڕێمەوە یانەی هەولێر، بەڵام هەولێر خۆی بێدەنگ كردووە.
*كێشەی نێوان تۆ ودكتۆر حوسێن لەسەر چییە؟
-كێشەی من و ئەو تەنیا ئەوەیە كەوا ناوبراو 20 یاریزانی هەبوو لە یانەكە، بۆیە منیش داوام كرد راهێنەرێكی تایبەتی خۆم هەبێت، چونكە گەیشتمە ئاستی ئاسیا حەزم دەكرد راهێنەرێكی تایبەتی خۆم هەبێت.
*زانیاریمان هەیە كەوا لە دوایین پاڵەوانێتی ژمارەی خۆت تۆمارنەكردبوو؟
-راستە ژمارەكەم تۆمارنەكردبوو، بەڵام ئەوە نابێتە هۆكارێك كەوا ئاستم دابەزیوە، كاتێك لای دكتۆر حوسێن بووم ئاستم زۆر دابەزی بوو، پارساڵیش لە پاڵەوانێتی عەرەبی ملوانكەی زێرم هێنا بوو، ئەویش مامۆستا كارۆخ ململانێی دەكرد، دەستێكی باڵای هەبوو لە بەرزبوونەوەی ئاستم، بەڵام لە ماوەی 2مانگ توانیم ژمارەی خۆم بگەینمە 54 چركە، كە كاتی خۆی من 53چركەم دەهێنا، لەو بڕوایەشم لە مانگەكانی داهاتوو بۆپاڵەوانێتیەكان بیگەینمە 52 چركە.
*ئەم ژمارەیە نابێتە مانای دابەزینی ئاستت؟
-نەخێر، دانەبەزیوە، بەڵام ئاسودە نەبووم لەگەڵ راهێنەری پێشووم.
*راستە دەڵێن مەرجت داناوە بۆ یانەی هەولێر بۆ هێنانی راهێنەر؟
-نەخێر، هیچ مەرجێكم نەبووە تەنیا راهێنەرەكەم بگەڕێننەوە یانەكە رازیم مووچەشەم پێ نەدەن .
* لە دوایین زانیاری دەركەوتووە كەوا شاندنی هەڵبژاردەی عێراق دەرمانی وزە بەخشیان بەكارهێناوە بەتایبەتی تۆ، ئایا ئەمە تاچەند راستە؟
-هەرگیز ئێمە دەرمانی وزە بەخشمان بەكار نەهێناوە، دوای ئەوەش ئەم پاڵەوانێتیە ئەوها نەبوو كەوا دەرمانی تێدا بەكار بهێنرێت، چونكە پاڵەوانێتیەكە لە ئاستی لاوان بوو، لە پاڵەوانێتی ئاسیا پشكنینی دەرمانی وزە بەخش ئەنجام دەدرێت، ئینجا هیچمان لەسەر ئاشكرا نەبوو ئەم قسانە دوورە لە راستی. كە باسی دەرمانخواردنی من دەكرێت تەنیا كوردەكان ئەم قسانە دەكەن، عەرەبەكان ئەم قسانە ناكەن، ئەو جۆرە قسانەش هیچ لە كەسایەتیم كەم ناكاتەوە، چونكە پێوەندێكی باشم لەگەڵ یەكێتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقی هەیە، منیش پاڵێوراوم بۆ ئۆڵۆمپیاتی لەندەن.
* دەڵێن گوڵستان لەخۆبایی بووە؟
-نەخێر، وانیە گەورە و بچووك بە هەموو جۆرێك قسەیان لەگەڵ دەكەم، زۆر كەس هەیە رقی لەمنە بۆیە ئەم قسانە دەكات هەرچەند گەورە بم خۆم لە هەموو كەس پێ بچووكترە.
* لە زۆربەی چاوپێكەوتنەكان گلەیی ئەوە دەكەی كەوا كەس هاوكاریت ناكات، كەچی بەرزترین مووچەت هەیە لە یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق؟
-نەخێر، لە هەڵبژاردەی عێراق بەرزترین مووچەم نییە سێ یاریزانین وەكو یەك مووچە وەردەگرین، ئەویش دوومانگ جارێكە، لە یانەی هەولێر تەنیا 300 هەزار مووچەمە، كرێی هاتووچۆی نێوان هەولێر و بەستۆرەیە، ئەویش تەنیا بەشی بەنزینی دەكرد.
* قسە و باسێكی زۆر هەیە كەوا ركابەریێكی زۆر لە نێوان تۆ و بەهار خەسرۆ هەیە؟
-نەخێر، بەهار بە ركابەری خۆم نازانم، چونكە ئەو یاریزانێكی (سباعی) و من یاریزانی 400م .
* ئەگەر نەگەڕایەوە یانەی هەولێر دەچیتە چ یانەیەك؟
-حەز ناكەم بچمە هیچ یانەیەكی شارێكی تر، بۆیە رەنگە بچمە یانەی ئارارات، چونكە بۆمن نزیكە.
*لە داهاتوودا بەنیازی چیت؟
-پاڵەوانێتی جیهانی هەیە لە وڵاتی كەنەدا بەڕێوە دەچێت، بەنیازم ملوانكەیەكی جیهانی بە دەست بهێنم، ئینجا واز لە وەرزشكردن دەهێنم، چونكە ساڵ بە ساڵ خوێندن قورستر دەبێت.
*دەنگۆیەكی زۆر هەیە دەڵێن تەمەنت گەورەیە خۆت بچووك كردۆتەوە؟
-ئەو جۆرە قسانە هەمووی دوورە لە راستی لە دایكبووی ساڵی 1991م، بەڵام جەستەم گەورە دیارە بەهۆی زۆری مەشقەكانم.
* ئەگەر وازت لە وەرزش هێنا بەنیازی چی؟
-بەنیازی ئەوەم ببمە راهێنەری گۆرەپان و مەیدان.
Top