ئۆلیڤەر كان: خۆشحاڵم لە مۆنـــــــــدیالی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگام

ئۆلیڤەر كان: خۆشحاڵم لە مۆنـــــــــدیالی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگام
ئۆلیڤەر كان ناسراوە لە جیهان و ئەفسانەیەكی زیندووی تۆپی پێیە و خۆشەویستیەكی رادەبەدەری لەسەر پانێایی زەوی هەیە ئەم یاریزانە لە ژیانیدا گشت نازناوەكانی بردۆتەوە و زەحمەتە هیچ یاریزانێك بتوانێ ئەم دەستكەوتە بە دەست بهێنی، دووەمی مۆندیال و پاڵەوانی ئەوروپا و ئەڵمانیا و نازناوی خولی یانەكانی ئەوروپا و جامی ئەڵمانیا و پاڵەوانی جامی كیشوەرەكانی بۆ یانەكانی بە دەستهێناوە، لە لایەكی دیكەوە لەسەر ئاستی كەسایەتی خۆی زۆر نازناوی وەرگرتووە لەوانە باشترین گۆڵچی لە مۆندیالی 2002 و باشترین گۆڵچی لە ئەڵمانیا لە ساڵانی 1999 – 2000 – 2001 – 2002 و باشترین گۆڵچی لەسەر ئاستی ئەوروپا ساڵانی 1999 – 2000- 2001 – 2002 بە دەستهێنا ئەم خەڵاتانەش دەسەلمێنێن ئۆلیڤەر كان یەكێكە لە ئەستێرە بەناوبانگەكانی جیهانی لەسەر گۆی زەوی لە ئەیاری 2008 و دوای 21 ساڵ لە خزمەتكردن ئۆلیڤەر كان بڕیاری وازهێنانی یەكجارەكی دا و لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا 86 یاری ئەنجامداوە لە 49 یاری كاپتنی ئەم تیپە بوو ئۆلیڤەر كان وەكو بێژەری یارییەكان بەشداری مۆندیالی داهاتوو دەكات، ماڵپەڕی فیفا ئەم دیمانەی لەگەڵدا سازكرد.

* یانز لیمان دەڵێ دوای تەواو بوونی مۆندیال بە یەكجاری واز لە یاریكردن دەهێنم، چی دەڵێی بۆ ئەم بڕیارە؟
- لەو بڕیارە دەگەم، شتێكی باشە، چونكە گەر یاریزان بەشداری بەرزترین پاڵەوانێتی كرد، دەبێ بیر لە دواڕۆژی خۆی بكاتەوە، باشترین كات بۆ وازهێنان ئەو كاتەیە، كە خەڵك بڵێن ئاستی بەرزە.
* گەر هاتوو یاری خواحافیزی بۆ لیمان ئەنجامدرا بەشداری دەكەی؟
- بەڵێ،بەڵام بە داخەوە بە بەردەوامی ئێمە وەكو دوژمن سەیر دەكرێین، تەنیا ركابەری وەرزشی لە نێوانمان هەبوو.
* یاریزانێكی دیكە لە رۆژنامەكانی ناوەخۆ قسەی خۆی دەكات ئەویش گۆڕانییە، ئایا ئەم یاریزانە شایستەی ئەوەیە بچێتە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یان نا، رات چییە؟
- راهێنەر یواكیم لۆف خاوەنی چەندین هێرشبەرە، لەوانە كلۆزە و بۆدۆلسكی و گۆمێز و كیسلینگ و لەگەڵ هاتنی گۆڕانی گەر هاتوو ویستمان یاریزان هەڵبژێرین دەبێ هەموو مانگێك گۆڕانكاری بكەین، لۆف دەبێ بیركردنەوەیەكی قۆڵ بكات گەر داوای گۆڕانی بكات دەبێ هێرشبەرێك لەو كات و ساتەدا یاریزانێك بهێنێ، كە ماوەیەكی زۆر لە تیپەكەی دوورە.
* لە توانات هەیە بەشداری بكەیت، هەست بە دڵگەرانی ناكەیت؟
- لە راستییدا خۆشحاڵم كە لە دەرەوەی یاریگام، زۆرم بینی و زۆریش تیایدا ژیاوم و لە 5 - 6 پاڵەوانێتی گەورە بەشدارییم كردووە، سەبارەت بە من ئەمە شتێكی رابردووە.
* بە رای تۆ كام هەڵبژاردە یەكەم دەبێت؟ ئایا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە توانای هەیە ئەم نازناوە بباتەوە؟
- ئەوانەی پاڵێوراون بە بەردەوامی گۆڕانكاریان بەسەر دا نایەت، ئیسپانیا و بەرازیل و ئیتاڵیا و فەرەنسا و بگرە ئەڵمانیاش، نابێ سەیری هەڵبژاردەكان بكەین لە كاتی پاڵاوتن، چونكە یاریكردن لە پاڵاوتن جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ كۆتاییەكان.
* ئێستا كێ باشترین گۆڵچیە لە جیهان؟
- بە رای من ئیتاڵی جیانلویجی بۆفۆن باشترین گۆڵچیە لە جیهان و خاوەن ئەزموونە و لە یانەیەكی گەورە و بەناوبانگ یاری دەكات و گۆڵچیەكی بەهرەمەند و خاوەن كەسایەتیەكی بەهێزیشە.
* هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە بوونی یاریزانان ئۆزیل و مۆلەر و مارین و بادشتویر دواڕۆژێكی باشی هەیە، تۆ لەگەڵ ئەم قسەیەت، گەر هاتوو ئەم هەڵبژاردەیە نەیتوانی ئەم نازناوە بباتەوە، دەكرێ بزانین لە مۆندیالی بەڕازیلی 2014 ئەم خەونە بە دەست دەهێنێ؟
- ئەمە تەنیا بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نییە، دەبێ یاریزانەكان هەموو توانایان بخەنە گەڕ، لەم كات و ساتەدا دەبێ یاریزان لە زۆر شوێن بتوانێ یاری بكات، ئەڵمانیا لە توانای هەیە ئەم مۆندیالە بباتەوە بەبوونی زۆر لە یاریزانان و ئاست بەرزیان.
* بە دێرژایی ژیانی وەرزشیت زۆر نازناوت لەسەر ئاستی یانەكەت و چەندین نازناوت لەسەر ئاستی كەسایەتی خۆت وەرگرتووە، لەوانە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا و جامی كیشوەرەكان و تۆپی زێڕین، دەكرێ بزانین كامیان لای تۆ گرنكترە؟
- شانازییەكی یەكجار گەورە بوو بۆ من كە بەباشترین گۆڵچی دەست نیشانكرام و لە لایەكی دیكەوە لە مۆندیالی 2002 بە باشترین یاریزانی فیفا هەڵبژێردرام، ئەمەش گەورەیی بوو بۆ من، چونكە تا ئێستا هیچ گۆڵچیەك ئەم نازناوەی وەرنەگرتووە.
Top