قەڵەوی چۆن ئەگەری بڵاوبوونەوەی كۆڤید19 زیاد دەكات؟

قەڵەوی چۆن ئەگەری بڵاوبوونەوەی كۆڤید19 زیاد دەكات؟
ئایا دەزانی كە تەمەن و كێشی لەش رۆڵیان لە زیاتر بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا هەیە؟ لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە قەڵەوی كارگەریی دەكاتە سەر ژمارەی ئەو تەنۆلكە ڤایرۆسییانەی Virus particles كە لە كەسانی تووشبوودا لەگەڵ هەناسەدانەوە و كۆكە و پژمیندا بە هەوادا بڵاودەبنەوە، تێكڕای بارستایی لەش BMI كە بریتییە لە ئەنجامی دابەشكردنی كێشی لەش بەسەر دووجای درێژی باڵادا، رۆڵی هەیە لە زیاد بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، ئەمە بە گۆتەی توێژەرانی تەندروستی لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی، بۆنموونە: هەر چەند پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش بەرزتر بێت ئەوا ئەگەری بڵاوكردنەوەی كۆڤید19 زیاتر دەبێت لە كەسانی تووشبوودا، بەوەی كە ژمارەی تەنۆلكەكان لەگەڵ هەناسەدانەوەدا سێ هێندەی كەسی تووشبووی ئاساییە، ئەم تەنۆلكە وردانە لەگەڵ هەناسەدانەوە، قسەكردن، هاواركردن، هەروەها لەگەڵ كۆكە و پژمیندا فڕێ دەدرێنە دەرەوە و بە هەوای دەورووبەری كەسی تووشبوودا بڵاودەبنەوە. هەوكردنە ڤایرۆسی و بەكتریاییەكان لە رێڕەوەكانی هەناسەدا دەبنە هۆی شلبوونەوە و بێهێزبوونی شلەی لینجی Mucus ناوپۆشی رێڕەوەكانی كۆئەندامی هەناسە، ئەمەش هاندەرە بۆ ئاسانتر جووڵانەوەیان بە ئاراستەی دەرەوە كە بە ڤایرۆس، یان بەكتریا باركراون، بەمانایەكی دیكە ئەمە لە هەر كەسێكی تووشبوو بە ڤایرسی كۆرۆنادا بەدی دەكریت، بەڵام ژمارە و زۆریی دەردانی ئەم تەنۆلكانە لە كەسانی تووشبووی قەڵەودا زیاتردەبێت.
Top