بەكارهێنانی ماسك تا چەنـد لە كۆڤید19 دەتپارێزێت؟

بەكارهێنانی ماسك تا چەنـد لە كۆڤید19 دەتپارێزێت؟
یەكەم و كاریگەرترین هەنگاوی رێگرتن لە بڵاوبوونەوە و خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكارهێنانی ماسكی دروستە بە شێوەیەكی دروست، ئینجا شووشتنی دەستەكان و پاراستنی دووریی كۆمەڵایەتی Social distancing. جۆرەكانی ماسك بریتین لە ماسكی پزیشكی، یان ماسكی نەشتەرگەری Surgical masks، ماسكی N95، لەگەڵ ماسكی قوماش Cloth masks. ماسكی پزیشكی كە تەنیا بۆ یەك جار بەكار دێت، زۆر توند نییە و زیاتر بۆ خۆپاراستن لە گەیشتنی دڵۆپ و میكرۆب بە دەم و لووت بەكار دەهێندرێت، چونكە دڵۆپە گەورەكان رادەگرێت و رێگا لە پڕوشكەكانی لیك دەگرێت كە لەگەڵ قسەكردندا لە دەمەوە بێنە دەرەوە. بەكارهێنانی ماسكی پزیشكی وەكو ماسكی N95 خۆپاراستنی 100% لە كۆڤید19 ناپێكێت.
ماسكی N95 كە تەنیا بۆ یەك جار بەكاردێت، بۆ خۆپاراستن لە كۆڤید19زیاتر لە ماسكی پزیشكی رێنمایی دەكرێت، چونكە رێگا لە گەیشتنی دڵۆپی گەورە و ورد دەگرێت، بۆیە بە N95 ناونراوە واتە تا رێژەی 95% رێگا لە دەربازبوونی دڵۆپی زۆر بچووك دەگرێت، هەندێك ماسكی جۆری N95 زمانە لەخۆ دەگرن بە مەبەستی ئاسانكردنی هەناسەدانەوە.
ماسكی قوماش كە لە سێ چین قوماش پێكهاتووە، لەكاتی قسەكردن و كۆكە و پژمیندا رێگا لە هاتووچۆی هەموو جۆرێكی دڵۆپەكان دەگرێت، هەروەها رۆڵی گرنگی هەیە بۆ خۆپاراستن لە كۆڤید19و سنوورداركردنی بڵاوبوونەوەی، بۆیە لە لایەن پسپۆڕانەوە بۆ هەموو كەسێك رێنمایی دەكرێت. ماسكی قوماش هەرزان و بەردەستە و دەتواندرێت كە بشۆردرێت و دووبارە بەكار بهێندرێتەوە.
كەواتە كام جۆری ماسك باشترینە بۆ رێگرتن لە گواستنەوەی كۆڤید19؟ پسپۆڕان ماسكی قوماش Masks Fabric لە شوێنە گشتی و شوینە داخراوەكاندا رێنمایی دەكەن، بەتایبەتی ئەگەر بواری دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی نەبێت.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO وا رێنمایی دەكات كە ماسك تەنیا بۆ منداڵانی تەمەن 2 ساڵ و بەسەرەوە بە هەمان رێنماییە گشتییەكان بەكار بهێندرێت، بە مانایەكی دیكە نابێت ماسك بۆ منداڵانی ژێر تەمەنی دوو ساڵ هەرگیز بەكار بهێندرێت.
پێویستە ماسك دەم و لووت بە تەواوی دابپۆشێت، نابێت ماسك بۆ كەسانی بێهۆش بەكاربهێندرێت، نابێت لەكاتی مەشقی وەرزشیدا ماسك بەكاربهێندرێت چونكە توانای هەناسەوەرگرتنی ئاسایی كەم دەكاتەوە، هەروەها ئارەقەكردن ماسك تەڕ دەكات، ئەمەش زیاتر رێگا لە هەناسەوەرگرتن دەگرێت و ئەگەری گەشەی میكرۆبیش زیاد دەكات، هەروەها لەكاتی پەیڕەوكردنی دووریی كۆمەڵایەتیدا پێویست بە بەكارهێنانی ماسك ناكات.
Top