ئەگەرچی بەپێی ئامارە پزیشكییەكان منداڵان كەمتر لە گەورەكان بە سەختی تووشی كۆڤید19 دەبن، بەڵام لەوانەیە كە هاوشێوەی گەورەكان دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بن و لەوانەشە كە بە سەختی نەخۆش بكەون و ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی ییكە بگوازنەوە. گەلێك جار منداڵیش دووچاری كۆڤید19 دەبن و بەبێ بوونی هیچ نیشانەیەك ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی دیكە دەگوازنەوە. زۆربەی منداڵانی تووشبوو بە كۆڤید19 بێ نیشانەن، یان نیشانەی سووكیان هەیە، ئەگەرچی هەندێكیان بە سەختی تووشی دەبن و پێویستیان بە خەوتن لە بەشی چاودێریی چڕ و دەزگای هەناسەی دەستكرد لە نەخۆشخانەدا دەبێت، لەوانەشە كە بەهۆیەوە گیان لەدەست بدەن. منداڵانی ژێر تەمەنی یەك ساڵ و ئەو منداڵانەی كە چەند گرفتێكی تەندروستییان هەیە، ئەگەر دوچاری كۆڤید19 بن، ئەوا بە سەختی نەخۆش دەكەون، بۆنموونە: منداڵانی تووشبوو بە رەبوو، یان نەخۆشیی درێژخایەنی سییەكان، نەخۆشیی شەكرە، قەڵەوی، هەروەها نەخۆشیی زگماكیی دڵ Congenital heart disease. باوترین نیشانەكانی كۆڤید19 لە منداڵدا بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش (38 پلەی سەدی، یان بەرزتر) و كۆكە، بەڵام لەوانەشە كە هاوشێوەی گەورەكان دوچاری ئەم نیشانانە ببنەوە وەك: لەرز، گیرانی لووت و زیادبوونی دەردراوی لووت، نەمانی هەستی بۆن و چیژ، كڕانەوەی قوڕگ، هەناسەتەنگی، سكچوون، هێڵنج، یان رشانەوە، سكئێشە، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، سەرئێشە، ئازاری گشتیی لەش، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.