لە وەرزی زستاندا، ڤایرۆسی ئەنفلوەنزای وەرزی Seasonal Flu و ڤایرۆسەكانی تری كۆئەندامی هەناسە بە ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە زیاتر چاڵاك دەبن. دابەزینی پلەی گەرمی و رێژەی شێداری كاریگەری دەكەنە سەر گواستنەوەی ڤایرۆس. بەگشتی ئەم هۆكارانە و زیاد مانەوە لە ماڵەوە لە ژوورەكاندا هاندەرن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆس، بۆنموونە توێژەرانی ژاپۆن جەختیان كردۆتەوە كە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەكان لە كەسانی تووشبوو بۆ كەسانی تر لە ژوورەوە (ناوماڵ Indoors) 19 هێندەی دەرەوەی ماڵ Outdoors زیاترە، لەوكاتەی كە هەتا كەش ساردتر بێت، خەڵك زیاتر لە ماڵەوەدا دەمێننەوە. بەگشتی زانایان بە دووری دەزانن بۆ ڤایرۆسێكی نوێی كۆئەندامی هەناسە وەكو كۆڤید19 كە ئەم زستانە ببێتە ئەگەری شەپۆڵێكی تری پەتای جیهانی. هەر 10 پەتاكەی كۆئەندامی هەناسە لە ماوەی 250 ساڵی رابردوودا پاش چەند مانگێك لە پەتای یەكەم شەپۆڵی دووەمی پەتایان هەبووە، بەڵام تەنیا لە 3جۆریاندا شەپۆڵی پەتای دووەم لە وەرزی زستاندا بەدی كراوە، پەتاكەی ئەنفلوەنزای ساڵی 1918 یەكێك بووە لەم 3 جۆرە. بە گوێرەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تا ئێستا زانیاری تەواو لەبەر دەستدا نییە كە لەگەڵ گۆڕانی كەش و وەرزەكاندا لە نیوەی باكوور و نیوەی باشووری زەویدا چۆن رەفتار دەكات. بە رای پسپۆران، مەترسییە گەروەكە لەمەدایە كە ژمارەی حاڵەتەكانی كۆڤید19 و ئەنفلوەنزای وەزری بەیەكەوە زیاد بكەن، چونكە كاریگەریی نەرێنی دەكەنە سەر توانا پزیشكییەكان و توانای نەخۆشخانەكان. لە هەمان كاتیشدا، هەواڵە خۆشەكە ئەمەیە كە وەرزی ئەنفلوەنزا لە نیوەی باشووری زەویدا سووك بوو و گەلێك وڵات دوچاری نەبوون كە هۆكارەكە بۆ گرتنەبەری هەنگاوەكانی خۆپاراستن دەگەڕێتەوە وەكو بەكارهێنانی ماسك و پاراستنی دووری كۆمەڵایەتی Social distancing، ئەمەش هیوابەخشە بۆ نیوەی باكووری زەوی ئەگەر خەڵك باپەندی هەنگاوەكانی خۆپاراستن بن هاوكات لەگەڵ بوونی هەواگۆڕیی باش لە ماڵ و شوێنە داخراوەكاندا.