بە پێی نوێترین لێكۆڵینەوە، ڤایرۆسی كۆڤید19 بە زیندوویی لەسەر پێستی مرۆڤدا بۆ ماوەی نۆ كاتژمێر توانای مانەوەی هەیە، لێرەدا رۆڵی شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون، یان بەكارهێنانی پاككەرەوەی دەست دێتە پێشەوە. لە هەمان لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوەیەكی زیاتر لە ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا لەسەر پێست دەمێنێتەوە و توانای تووشكردنی كەسێكی دیكە هەیە، بۆنموونە ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا جۆری Influenza A virus توانای مانەوەی تەنیا بۆ ماوەی دوو كاتژمێر بە زیندووییی لەسەر پێستی مرۆڤدا هەیە. ئەمە روونكراوەتەوە كە بەكارهێنانی ئاوێتە پاككەرەوەكان Sanitisers بۆ كەمكردنەوەی چالاكیی ڤایرۆسەكانی كۆڤید19و ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا لەسەر پێست كاریگەریی خێرایان هەیە، هەروەها شووشتنی پێست بە ئاو و سابوون زۆربەی هەرە زۆری ڤایرۆس و میكرۆبەكانی دیكە لەسەر پێست بە شێوەیەكی میكانیكی لادەبات. پێشتر لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاماژە بەمە كرابوو كە ڤایرۆسی كۆڤید19 بۆ ماوەی سێ كاتژمێر توانای مانەوەی بە زیندووی لە هەوادا و چوار كاتژمێر لەسەر رووی كۆپەر و 24 كاتژمێر لەسەر رووی تەختە و 72 كاتژمێر لەسەر رووی ستیلدا هەیە.