ڤاكسینی كۆڤید19 گەیشتۆتە كوێ؟

ڤاكسینی كۆڤید19 گەیشتۆتە كوێ؟
ڤاكسین بۆچی؟
ڤاكسین Vaccine بەكاردێت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی ڤایرۆسی، یان بەكتریایی. پاش بەكارهێنانی ڤاكسین، توانای ڤایرۆس بۆ بڵاوبوونەوە كەم دەبێتەوە، بەمەش دەوترێت بەرگریی ناڕاستەوخۆ، یان بەرگریی كۆمەڵ Herd immunity. ئەگەر بەرگری لە زۆربەی خەڵكدا هەبوو، ئەوا ئەو كەسانەش كە ناتوانرێت ڤاكسین وەربگرن وەكو منداڵی ساوا و كەسانی خاوەن بەرگریی نزم لەبەر نەخۆشیی یان بەكارهێنانی دەرمانی تایبەت، ناڕاستەوخۆ پارێزراو دەبن.
ڤاكسین چۆن كاردەكات؟
ڤاكسین بە راهێنانی سیستمی بەرگریی لەش بۆ ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس، یان بەكتریا كاردەكات، واتە پەیداكردنی كاردانەوەی سستمی بەرگریی لەش.
ڤاكسین بە شێوەی دەرزی، یان لە رێگای دەمەوە بەكار دێت، لە هەندێك حاڵەتدا تەنیا یەك ژەم پێویست دەكات، بۆ هەندێك نەخۆشیی دیكەش پێویست بە زیاتر لە یەك ژەمی ڤاكسین دەكات.
تا ئێستا لە سەرتاسەریی جیهاندا 10 جۆر ڤاكسینی كۆڤید19 كاندیدن كە لە قۆناغی سیێەم دان، واتە دوا قۆناغ پێش بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوە، كە بریتین لە: سینۆڤاك Sinovac لە بەرازیل، سینۆفارم Sinopharm لە ئیماراتی عەرەبی، سینۆفارم Sinopharm لە چین، زانكۆی ئۆكسفۆرد و ئەسترا زینیكا AstraZeneca لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كانسینۆ CanSino لە پاكستان، گەمالیا Gamaleya لە رووسیا، جانسن Janseen لە ئەمەریكا و مەكسیك و پیرۆ و فیلیپین، نۆڤاڤاكس Novavax لە بەریتانیا، مۆدێرنا/ نیایید Moderna/NIAID لە ئەمەریكا، بایۆنتێكBioNTech / فۆسەن فارما Fosun Pharma، پفیزەر Pfizer لە ئەمەریكا و ئەژەنتین و بەرازیل.
پسپۆڕ و توێژەران هیواخوارن كە لە چەند مانگی داهاتوودا هەواڵی خۆش ببیستین سەبارەت بە ڤاكسینی كۆڤید19، بەڵام ئایا كەی بە تەواوی ڤاكسینێكی كاریگەر و سەلامەت بۆ هەمووان بەردەست دەبێت؟، لەوانەیە كە سەرەتا ڤاكسین تەنیا بۆ كەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی كە مەترسیی تووشبوونیان لێ دەكرێت، بەكاربێت، بەتایبەتی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان. لەم رۆژانەدا چوارەم تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی گەورەی ڤاكسینی كۆڤید19ی كۆمپانیای جانسن Janseen لە ئەمریكا لەسەر كەسانی خۆبەخش دەستی پێ كردووە. ڤاكسینی جانسن بە شێوەی یەك ژەم دەرزی ڤاكسین Janssen COVID-19 vaccine (JNJ-78436725) بۆ نزیكەی 60،000 كەسی خۆبەخش بەكار دێت. بەڕای پسپۆڕان، ئەم ڤاكسینەی كۆمپانیای جانسن هیوابەخشە بۆ كۆنترۆڵكردنی پەتای جیهانیی كۆڤید19. كۆمپانیاكە بەوپەڕی توانایەوە خەریكی خۆئامادەكردنە بۆ خستەبەردەستی رێژەیەكی زۆری ڤاكسین كە بەپێی توانا پێویستیی جیهانی پڕ بكاتەوە.
Top