سووده گرنگهكانى شهربهتى گێزهر
شەربەتی گێزەر بەسوودترین خواردنەوەیە، چونکە دەوڵەمەندە بە کالیسیۆم و ترشی فۆلیک و پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و ڤیتامین A، ئەمەی خوارەوە 8 سوودی شەربەتی جێزەرن.
- پڕە لە رەگەزی خۆراکی
شەربەتی گێزەر یەکەکانی گەرمی و کاربۆهایدارات دائەبەزێنێ، چەندین رەگەزی خۆراکیی تێدایە، ئەو مادانەشی تێدایە، کە لە لەشی مرۆڤدا وەک دژە ئۆکسید کار دەکەن. کارۆتین مادەیەکی سەرەکییە لە شەربەتی گێزەردا، بەرپرسە لە رەنگی پرتەقاڵیی جێزەر و لەش دەیگۆڕێ بۆ ڤیتامین Aی دژە ئۆکسید.
- بۆ تەندروستیی چاو زۆر باشە
شەربەتی گێزەر بڕێکی زۆر لەو رەگەزە خۆراکییانە تێدایە، کە بۆ چاو بەسوودن، یەک کووپ (250 مل) شەربەتی گێزەر زیاتر لە 250 لە سەدا لە بەهای رۆژانەی ڤیتامین Aی تێدایە، کە بۆ تەندروستیی چاو بە گرنگ دادەنرێ. زۆر توێژینەوە ئاماژە بۆ پەیوەندیی نێوان خواردنی میوە و سەوزەوات، کە ڤیتامین Aیان تێدایە، لەگەڵ نزمبوونی مەترسیی تووشبوون بە نابینایی و نەخۆشییەکانی چاو دەکەن.
- بەرگریی لەش بەهێز دەکا
شەربەتی گێزەر هێز و گوڕ بە کۆئەندامی بەرگری دەدات، بەوەی هەریەکە لە ڤیتامین A و Cی ناو شەربەتەکە وەک دژە ئۆکسید کار دەکەن و خانەکانی بەرگریی لە زیان دەپارێزن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو شەربەتە بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڤیتامین B6 دادەنرێ، کە کەمبوونەوەی بە لاوازیی بەرگریی لەشی مرۆڤ دەبەسترێتەوە.
- بەرگریی شێرپەنجە دەکا
توێژینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، هەندێک لە پێکهێنەرەکانی شەربەتی گێزەر لە شێرپەنجە دەمانپارێزن. لەناو ئەو پێکهاتانەدا ئەسیتیلین و بیتا کارۆتین و لوتین هەن، ئەمانە دژی خانە شێرپەنجەییەکانی خوێن کار دەکەن.
یەکێک لە توێژینەوەکان دەریخستووە، چارەسەرکردنی خانە شێرپەنجەییەکانی خوێن بەهۆی شەربەتی گێزەر بۆ ماوەی 72 سەعات، بووەتە هۆی مردنی ئەو خانە شێرپەنجەییانە و راگرتنی سووڕی گەشەکردنی خانەکان.
- شەکرە کۆنترۆڵ دەکات
- خواردنەوەی بڕێکی کەم لە شەربەتی گێزەر، یارمەتیی کەمکردنەوەی ئاستی شەکرە دەدات لە خوێندا. ئەو توێژینەوانەی لەسەر مشکی تووشبوو بە شەکرە کراون لە جۆری 2، دەریانخستووە، کە شەربەتی گێزەر رێژەی شەکرە لە خوێندا کەم دەکات. هۆیەکەیشی ئەوەیە، کە شەربەتی گێزەر بەکتریای سوودبەخشی برۆبیۆتیکی تێدایە و کاریگەریی لەو بەکتریایانەی ناو ریخۆڵە دەکات، کە پەیوەندییان بە شەکرەوە هەیە.
- تەندروستیی پێست باش دەکات
رەنگە ئەو رەگەزە خۆراکییانەی لە شەربەتی گێزەردا هەن، بە شێوەیەکی تایبەت بۆ تەندروستیی پێست بەسوود بن، چونکە شەربەتەکە زیاتر لە 20 لە سەدای ئەو رەگەزانەی تێدایە، کە توانای شلبوونەوەیان هەیە، ئەمەش پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی كۆلاجین. جگە لەوەش، ڤیتامین C وەک دژە ئۆکسیدێک بۆ پارێزگارییکردن لە پێست کار دەکات.
- تەندروستیی دڵ بەهێز دەکات
شەربەتی گێزەر یارمەتیی کەمکردنەوەی هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەدات، بەتایبەتی کە سەرچاوەیەکی باشی پۆتاسیۆمە، کە رۆڵێکی گرنگی لە رێکخستنی فشاری خوێندا هەیە.
پزیشکان ئامۆژگاریی ئەو کەسانە دەکەن، کە ئاستی کۆلیسترۆڵ و چەورییە سیانییەکانیان بەرزە، رۆژانە دوو کووپ (480 مل) شەربەتی گێزەر بخۆنەوە، ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی دژە ئۆکسیدەکان و کەمکردنەوەی ئۆکسیدی چەورییەکان لەناو خوێندا، کە هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ.
- جگەر دەپارێزێ
باوەڕ وایە ئەو کارۆتینانەی لە شەربەتی گێزەردا هەیە جگەر بەهێز بکات. زۆر لە توێژنەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە ئەکەن، کاریگەریی دژە هەوکردنەکان و دژە ئۆکسیدەکان لەسەر کارۆتینەکان، جگەر لە چەورییەکان دەپارێزێ. نەخۆشیی چەوریی جگەر کاتێک دروست دەبێ، کە چەورییەکان لە جگەردا کۆببنەوە، زۆر جار ئەمە بەهۆی خۆراکی خراپەوەیە، یان بەهۆی کێشی زۆر و قەڵەوییەوەیە، کە سەرەنجام وا لە جگەر دەکا تێکبچێ و لەکار بکەوێ.
سەرچاوە: basnews