کۆڤید19 و ڤایرۆسەکانی تری هەکردنەکانی کۆئەندامی هەناسە پەیوەندییان بە نەخۆشیی دڵەوە هەیە، تا ئێستا ڤاکسینی ئەنفلوەنزا Influenza vaccine باشترین و سەلامەتترین ڤاکسینە بۆ کەمکردنەوەی ریسکی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ. توێژەرانی زانکۆی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا جەخت دەکەنەوە کە پەرەسەندن و بەرهەمهێنانی زۆری ڤاکسینی ئەنفلوەنزای وەرزی Seasonal Flu لەوانەیە کە هاندەر بێت بۆ هەوڵەکانی داهاتوو بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی بەدەستهێنانی ڤاکسینی کۆڤید19. توێژەرەکان ئاماژەیان بەمەش کردووە کە لەوانەیە ڤاکسینی ئەنفوەنزا رۆڵی هەبێت بۆ پاراستنی تووشبووان بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی دڵ و سووڕان لە ئاڵۆزییەکان ئەگەر هاتوو دوچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن. لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا گەلێک لە زانا و پسپۆرانی تەندروستی پێیان وایە کە بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەنفلوەنزای وەرزی هیچ رۆڵێکی نییە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا یان هەتا سووککردنی نیشانەکان لە تووشبوواندا، بەڵام بەکارهێنانی ڤاکسینەکە لەکاتی خۆیدا سوودی هەیە نەک زیان بەتایبەتی کە هەرزانە و لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەستە.