پاش دوورخستنەوەی بەکارهێنانی دەرمانی هایرۆکسی کلۆرۆکوین Hydroxychloroquine بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆڤید19، زانا و توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر گەلێک دەرمانی ئاسایی تر ئەنجام داوە بە مەبەستی چارەسەر و سوککردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا کاتی بەردەستبوونی ڤاکسین. پسپۆران و توێژەرانی زانکۆی ووهانی چینی گەیشتنە ئەو ئەنجامی کە پاش بەکارهێنانی دەرمانەکانی دابەزاندنی کۆلیستیرۆل بۆ کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا حاڵەتەکان سووکتر دەبن و رێژەی مردنیش کەم دەبێتەوە، ئەمەشیان روون کردۆتەوە کە دەرمانەکانی دابەزاندنی کۆلیستیرۆل کە بە ستاتینەکان Statins ناسراون ئەگەری مردن لە تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا رێژەی 19% کەم دەکەنەوە، ئەم زانیارییە نوێیە دوێنێ یەکشەممە 28ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە. ئەمەش روونکراوەتەوە کە دەرمانەکانی دابەزاندنی کۆلیستیرۆل رۆڵیان هەیە لە کەمکردنەوەی ئەگەری گرفت لە سییەکاندا، باشترکردنی ئاستی بەرگریی لەش، کەمکردنەوەی بەرچاوی ئاستی هەوکردن لە لەشدا، بەمەشەوە ئەگەری ئاڵۆزییەکانی هەوکردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی تێکدانی ئەندامەکان تا رادەیەکی باش کەم دەبێتەوە، بەکارهێنانی دەرمانە ستاتینەکان بەگشتی بێ زیانە.