ئەمە روونکراوەتەوە لەکاتی تووشبوون بە کۆڤید 19 دا، گەردیلەی پرۆتینی ACE دەبنە وەرگری ڤایرۆسی کۆرۆنا، واتە ڤایرۆسەکە لە رێگای ئەم پرۆتینەوە دەچێتە ناو خانە و گەشەدەکات. پرۆتینی ACE-2 لە کۆئەندامی هەناسە و دڵدا هەیە، بۆیە ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای پەلاماردانی ئەم شوێنانەی دەبێت. ئەم پرۆتینە رۆڵی دژەهەوکردنی هەیە و شانەکان دەپارێزێت، بەڵام ڤایرۆسی کۆڤید 19 تواناکانی ئەم پرۆتینە پەک دەخات، بەمەشەوە خانە لاواز دەبێت و پارێزراو نابێت بۆیە ڤایرۆس لەناویدا گەشە دەکات. میکانیزمەکانی تێکدانی شانەکانی دڵ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بریتین لە: یەکەم، کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین لە خوێندا، ئەمەش وا لە دڵ دەکات کە زیاتر و چاڵاکتر کاربکات، واتە بارگرانی دەکەوێتە سەر ماسوڵکەی دڵ و رێژەیەکی کەمتری ئۆکسجین دەگاتە خودی شانەکانی دڵ و دوچاری نەخۆشی دەبێت. دووەم، هەوکردنی ماسوڵکەی دڵ Myocarditis. سێیەم، کەمبوونەوەی توانای ماسوڵکەی دڵ بۆ پاڵنانی خوێن لەبەر بارگرانی زیاد Stress cardiomyopathy.