کاتی چاکبوونەوەپاش تووشبوون بە کۆرۆنا ڤایرۆس بەندە بە تەمەن و ئاستی نەخۆش کەوتنی تووشبوو یان سەختیی نیشانەکان. کەرەنتین لە ماڵەوە و خۆبەدوورگرتن بۆ ماوەی 14 رۆژ رێنمایی دەکرێت بۆ تووشبووانی کۆڤید19 کە نیشانەکانیان سووکن. بە گوێرەی روونکردنەوەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تەنیا یەک کەس لە هەر 6 کەسی تووشبوو بە سەختی نەخۆش دەکەوێت و دوچاری گرفتی هەناسە دەبێت. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بەردەستن، بە تێکڕایی کاتی چاکبوونەوەی لە تووشبووی سووکدا لە ساتی سەرهەڵدانی نیشانەکانەوە دەگاتە تەنیا 2 هەفتە، بەڵام لە تووشبووان بە سەختیدا 3-6 هەفتە پێویستە بۆ چاکبوونەوە لە کۆڤید19، هەروەها لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەکو نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ئەوا کاتێکی زیاتر دەخایەنێت بۆ چاکبوونەوە. زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکانی کۆڤید 19 لە نەخۆشخانەدا زیاتر پێویستییان بە ئۆکسجین دەبێت و لە قاوشی ئاساییدا دەخەوێنرێن، رێژەیەکی کەمی تووشبووان کە نیشانەکانیان سەختن و دوچاری هەناسەتەنگی یان گرفت لە هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە دەبن، ئەوا لە ژووری چارەسەری چڕدا ICU دەخەوێنرێن و پێویستییان بە دەزگای هەناسەی دەستکرد Ventilator دەبێت.