لە ژمارەی دوێنێی رۆژنامەی ئیندیپێندینتی The Independent بەریتانیدا هاتووە كە دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی Social distancing بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تا كۆتایی ساڵی 2020 پێویستە. پرۆفیسۆر كریس ویتنی Chris Whitty گەورە بەرپرسی پزیشكیی بەریتانی جەختی كردۆتەوە كە تا ساڵی 2021 دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی زۆر پێویستە لەبەر ئەوەی كە چانسی بەردەستبوونی ڤاكسینی ڤاسیرۆسی كۆرۆنا لە ئاییندەیەكی نزیكدا زۆر كەمە، بۆنموونە لەوانەیە كە تا ساڵی 2021 درێژە بكێشێت، بۆیە شكاندنی تەواوی هەموو رێكارەكانی خۆپاراستن بەتایبەتی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی لەوانەیە كە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بهێڵێتەوە. دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی یان دووركەوتنەوەی فیزیكی(دووركەوتنەوەی جەستەیی) Physical distancing هەنگاوێكە بۆ خۆپاراستن لە گواستنەوەی نەخۆشییە درمەكان بە هێشتنەوەی ماوەی نێوان كەسەكان كە لە 2 مەتر كەمتر نەبێت، ئەمە جگە لە دووركەوتنەوە لە تەوقەكردن و لەباوەشگرتن و هەر بەركەوتنێكی تری جەستەیی جا لە هەر شوێنیكدا بێت.