كالسیۆم رۆڵی گرنگی هەیە بۆ تەندروستیی ئێسك و دڵ، لەگەڵ پتەویی ددان، هەروەها رۆڵی هەیە لە گواستنەوەی سیگناڵە دەمارییەكان و فرمانی ئاسایی خانەكانی لەش، دەردانی هۆرمۆنەكان، كرداری مەیینی خوێن، گرژبوونەوە و خاوبوونەوەی ماسوولكەكان. تەنیا پووكانەوەی ئێسك جێگای نیگەرانی نییە لە ئەنجامی كەمیی كالسیۆم، بەڵكو چەندین گرفتی تەندروستیی دیكە پەیوەستن بە كەمیی كانزای كالسیۆم لە لەشدا. نیشانەكانی كەمیی ئاستی كالسیۆم لە خوێندا بریتییە لە: سەرسووڕان و لەهۆشچوون Fainting، پەككەوتنی دڵ، ئازاری سینگ، هەستكردن بە تەزین و ناڕەحەتی لە دەوری دەم و پەنجەكانی دەست و پێ، ئازاری ماسوولكە بەتایبەتی ماسوولكەكانی پشت و قاچ، ویزە لەگەڵ هەناسەدان، گرفت لە قووتدانی خۆراك، گۆڕانی دەنگ لەبەر گرژبوونی قوڕقوڕاگە، ناڕەحەتیی دەروونی، خەمۆكی، پەستی، هەستكردن بە ماندووبوون، پەركەم، زبربوونی موو، ناسكبوونی نینۆكەكان، وشكبوونی پێست، خورشتی درێژخایەنی پێست، كلۆربوونی ددان، لاوازبوونی ماسوولكەكان، ئاوی سپی لە چاودا، نیشانەكانی پوكانەوەی ئێسك Osteoporosis بۆنموونە پشت ئێشە، بەرە بەرە كورتبوونەوەی باڵا، زیادبوونی ئەگەری شكانی مەچەك و بڕبڕەكانی پشت.