ڤیتامین B12 گرنگە بۆ دروستبوونی ترشی DNA و دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، هەروەها میتابۆلیزمی چەوری و پرۆتین. ئەم ڤیتامینە بە شێوەیەكی سەرەكی لە خۆراكی ئاژەڵیدا هەیە، وەكو گۆشت، ماسی، شیر، هێلكە، پەنیر، ماست، مریشك. ئەو كەسانەی كە پەیڕەوی خۆراكی رووەكی دەكەن، دووچاری كەمیی ڤیتامین B12 دەبنەوە، بۆیە پێویستە كە ئەم ڤیتامینە لە رێگای حەب (دەنكۆڵە)، یان دەرزی بە شێویەكی بەردەوام و بە چاودێریی دكتۆر وەربگرن. پێویستیی رۆژانەی ڤیتامین B12 بۆ كەسانی پێگەیشتوو بریتییە لە 2.4 مایكرۆگرام. ئەو حاڵەتانەی كە ئەگەری تووشبوون بە كەمی ڤیتامین B12 زیاد دەكەن ئەمانەن: هەوكردنی گەدە، مۆمبوونی جگەر، بەكارهێنانی دەرمانەكانی كەمكردنەوەی دەردانی ترشەڵۆكی گەدە، وەكو ئۆمیپرازۆڵ Omeprazole و زانتاك Zantac، یان هاوشێوەكانیان. نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین B12 بریتین لە: بێهێزیی گشتی، هەستكردن بە ماندووبوون، دڵەكوتێ، هەناسەتەنگی، كاڵبوونی رەنگی پێست، لووسبوونی زمان، قەبزی، یان سكچوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هەستكردن بە تەزین و بێهێزبوونی ماسوولكەكان، گرفت لە بینیندا، بیرچوونەوە، دڵتوندی، كەمبوونەوەی چڕی، یان بارستایی ئێسك كە ئەگەری شكانی ئێسك بە زەبری سووك زیاد دەكات.