ئەوە روونە كە كە ژیانی تەنیایی Loneliness پەیوەندی بە ئەگەری گەلێك گرفت و نەخۆشیی جەستەیی و دەروونییەوە هەیە، وەك: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی دڵ، زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەش، زیاتر ئامادەباشی بۆ تووشبوون بە هەڵامەت، بەرزبوونەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، پەستی، سترێس، خەمۆكی، تێكچوونی خەو، گرفتەكانی پەیوەست بە خواردن، بەتایبەتی كەمبوونەوە، یان زیادبوونی ئارەزووی خواردن و زیادخواردن، نەخۆشیی ئەلزەهایمەر. بەم دواییە لە چەند لێكۆڵینەوەیەكی كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی سان دیاگۆدا هاتووە كە ژیانی تەنیایی بەقەد قەڵەوی و جگەرەكێشان كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر كوالێتی ژیان، بەتایبەتی لە كەسانی بەساڵاچوودا پاش خانەنشینی و ژیانی تەنیایی، یان پاش ونكردنی كەسوكار و هاوڕێ، هاوكات لەگەڵ گرفت لە پەیداكردنی هاوڕێی نوێ. ئاماژە بەوەش كراوە كە ژیانی تەنیایی و هەستكردن بە تەنیایی زیاتر هاوكاتە لەگەڵ نەمانی هیوا لە ژیاندا و هەستكردن بە ونبوون.