بەگشتی ئەگەری قەڵەوی لە تەمەنی پێگەیشتندا دەگاتە 50% لەو كەسانەی كە لە تەمەنی منداڵیدا قەڵەو بن. لە چەند توێژینەوەیەكدا هاتووە كە نزیكەی 26-41%ی منداڵان لە تەمەنی پێش چوونە قوتابخانە كە قەڵەون، دوچاری زیادبوونی كێش، یان قەڵەوی دەبنەوە لە تەمەنی پێگەیشتندا، هەروەها زیاتر لە 42-63%ی منداڵانی قەڵەوی تەمەنی قوتابخانە لە تەمەنی پێگەیشتندا دوچاری قەڵەوی دەبن. هەندێك سەرچاوە ئاماژەیان بەوە كردووە كە زیاد خواردنی شەكر و شیرینی لە تەمەنی منداڵیدا هاندەرە بۆ ئەگەری قەڵەوی لە ئایندەدا. چەندین لێكۆڵینەوە جەختیان لەسەر بوونی پەیوەندیی خواردنی شەكر بە قەڵەوی كردۆتەوە، لە گەلێكیشیاندا هاتووە كە خواردنی شلەمەنییە شیرینكراوە دەستكردەكان و خۆراكە پرۆسێسكراوەكان هۆكارن بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی. زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی بەتایبەتی لە تەمەنی منداڵیدا زیاتر لە ئەنجامی زیاد خواردنی شەكر و شیرینیدا روودەدات و هاندەرە بۆ هەمان گرفت لە پاش تەمەنی گەورەبوون بەتایبەتی شیرەی فركتۆزی گەنمەشامی و ماددە شیرینكارە دەستكردەكان Artificial sweeteners كە بە رێژەیەكی بەرز لە خۆراكە پرۆسێسكراوەكان و شلەمەنییە شیرینكراوەكاندا هەن. لە رووی ئابوورییەوە، شەكر و شلەمەنییە شیرینكراوەكان سەرچاوەی هەرزانن بۆ وزە، بۆیە بە بڕی زیاد لە لایەن كەسانی كەم دەرامەتەوە دەخورێن و دەبنە هۆی زیادبوونی كێش و قەڵەوی، بەتایبەتی لە تەمەنی منداڵیدا كە حەزی شیرینی خواردن لە لووتكەدایە.