هەستكردن بە تەزینی Numbness قۆڵەكان گەلێك هۆكاری لەپاڵە، بۆنموونە زیاد دانیشتن، یان نووستن بە پۆزیشنی هەڵە و ناڕێك، كە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی هاتووچۆی خوێن و فشاری زۆر لەسەر دەمارەكان و هەستكردن بە تەزین. هۆكارەكانی دیكە بریتین لە: گرفتی دەماری، خزینی كڕكڕاگەی نێوان بڕبڕەكانی مل، نەخۆشیی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا، بەتایبەتی نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك. كەمبوونەوە، یان سنوورداربوونی هاتووچۆی خوێن روودەدات لەبەر گیران، یان تەسكبوونەوەی بۆرییەكانی خوێن لە ئەنجامی كەمیی جووڵەی رۆژانە، رەقبوونی خوێنبەرەكان، دروستبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن لەناو بۆرییەكانی خوێندا، نەخۆشیی شەكرە كە دەبێتە هۆی تەزین وسڕبوون لە قۆڵ و دەستەكاندا، هاوكات لەگەڵ ساردبوونی دەستەكان، ئازاری جومگە و ماسوولكەكانی قۆڵ و باسك، زەرد، یان شین هەڵگەڕانی رەنگی پێست. لە لایەكی دیكە هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر Peripheral neuropathy هۆكارێكی زەقە بۆ تەزین و سڕبوون لە قۆڵ و دەستەكاندا، لەگەڵ زیادبوونی ئاستی هەستی بەركەوتن و گۆڕانی پلەی گەرمی، بێهێزبوونی ماسوولكەكانی قۆڵ و باسك، پووكانەوەی ماسوولكە هاوكات لەگەڵ جووڵەی خۆنەویستی ریشاڵی ماسوولكەكان، زیادبوونی ئارەقەكردن، هۆكارەكانی بریتین لە: نەخۆشیی شەكرە، زەبر و برینداربوون، رەقبوونی خوێنبەرەكان و هەوكردنی بۆرییەكانی خوێن Vasculitits، ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەكان، نەخۆشیی جگەر، نەخۆشیی گورچیلە، كەمیی ڤیتامین B12، چەند جۆرێكی شێرپەنجە.