نەخۆشیی ئەدیسۆن Addison›sdisease نەخۆشییەكی هۆرمۆنییە، زۆر باو نییە، بریتییە لە كەمبوونەوەی فرمان، یان كەم دەردانی هۆرمۆنەكانی گلاندی ئەدرینال Adrenalglands بەتایبەتی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol و ئەلدۆستیرۆن Aldosteroneكە رۆڵیان لە جێگیركردنی پەستانی خوێندا هەیە، رێكخستنی میتابۆلیزم، هاندانی هەرسكردنی خۆراك لەگەڵ كاردانەوە بەرانبەر بە سترێس. گلاندەكانی ئەدرینال 2 دانەن، هەر یەكێكیان كەوتۆتە سەر گورچیلەیەك، ژمارەیەك هۆرمۆنی گرنگ دەردەدەن. نیشانەكانی نەخۆشیی ئەدیسۆن: هەستكردن بە ماندووبوون، كەمبوونەوەی كێشی لەش، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن و زوو برسیبوون، سك ئێشە، دابەزینی پەستانی خوێن بەتایبەتی لەكاتی وەستاندا، هێڵنج و رشانەوە، سكچوون، ئازاری ماسوولكە و جومگەكان، هەروەها خەمۆكی، تاریكبوونی رەنگی پێست لەبەر زیادبوونی هۆرمۆنی ACTH. نەخۆشیی ئەدیسۆن بە دروستی و ئاسانی بە پێدانی هۆرمۆنە جێگرەوەكان چارەسەر دەكرێت، واتە هۆرمۆنەكانی كۆرتیزۆل و ئەلدۆستیرۆن، بەڵام بە درێژایی تەمەن. ئەگەر چارەسەرەكە بە دروستی و بە چاودێریی دكتۆر بەكارنەهێنرێت، ئەوا تووشبوو دوچاری پەككەوتنی تیژی گلاندی ئەدرینال دەبێت، كە بە قەیرانی ئەدیسۆن Addisoniancrisis ناسراوە و نیشانەكانی بریتین لە: دابەزینی پەستانی خوێن و ئاستی شەكری خوێن، رشانەوە و سكچوون، ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت و قاچەكاندا، سك ئێشە. ئەم حاڵەتە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە.