لێكۆڵینەوەیەكی كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی هارڤارد دەڵێت كە خۆراكی ناڕێك و ناهاوسەنگ لە پیاوە گەنجەكاندا، بەتایبەتی زیاد خواردنی بێرگەر، پیتزا،خۆراكی لە زەیت سووركراوە، جیبس، گۆشتی سووری پرۆسێسكراو، شیرینی و دانەوێڵەی سافكراو، لەگەڵ شلەمەنییە وزەبەخشەكان، هۆكارن بۆ زیادبوونی ئەگەری نەزۆكی لەبەر كەمبوونەوەی ژمارەی سپێرمەكان Sperm بە بەراورد لەگەڵ ئەو گەنجانەی كە خۆراكی رۆژانەیان هاوسەنگە و بڕی زیادی سەوزە و میوە لەخۆدەگرێت. هەروەها لە لێكۆڵینەوەیەكی ئوسترالی ساڵی 2018 هاتووە كە ئافرەتیش بە هەمان شێوەی پیاو دوچاری نەزۆكی دەبێت/ ئەگەر خۆراكی رۆژانەی نادروست و ناهاوسەنگ بێت، بۆنموونە: زیاد خواردنی خۆراكی خێرا و كەم خواردنی میوە و سەوزەی جۆراوجۆر. لێكۆڵەرانی كۆلێژی پزیشكیی هارڤارد جەخت دەكەنەوە كە لە پیاودا كەمبوونەوەی ژمارەی سپرم بە شێوەیەكی تەریب لەگەڵ خراپیی كوالیتیی خۆراكدایە، بۆنموونە ئەو پیاوانەی كە كوالیتیی خۆراكی رۆژانەیان نزمە، ئەوا بەگشتی ژمارەی سپرمەكانیان تا 25.6 ملیۆن دانە كەم دەكات، كەچی ئەوانەی پابەندن بە خۆراكی دروست و هاوسەنگ، ئەوا ژمارەی سپێرمەكانیان بەردەوام بەرزە، ئەگەر دوچاری هیچ نەخۆشییەك نەبن كە كاریگەری لەسەر دروستبوونی سپێرم بكات. هۆكارە هاندەرەكانی دیكەی نەزۆكیی پیاو و ئافرەت بریتین لە: ماددە بكوژەكانی مێروو Pesticides و ماددەی كیمیایی دیكە، جگەرەكێشان، سترێس، قەڵەوی، پیسبوونی هەوا و گۆڕانەكانی كەش و هەوا.