كام جۆری سەرئێشە چارەسەری كتوپڕی دەوێت؟

كام جۆری سەرئێشە چارەسەری كتوپڕی دەوێت؟
سەرئێشە Headache نیشانەیەكی باوە، لە هەر پێنج كەس یەكێك دوچاری دەبێت، تووشبوو ناڕەحەت دەكات و كوالیتی ژیان دادەبەزێنێت و كاریگەریی دەكاتە سەر كار و پیشە و گەلێك لایەنی دیكەی ژیان. ئەگەر سەرئێشە وەكو یەكێك لەم چوار جۆرەی خوارەوە بێت، ئەوا پێویستە كە زوو سەردانی دكتۆر بكرێت:
1. سەرئێشەی توند و لەناكاو كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا هاوكات بێت لەگەڵ هێڵنج یان رشانەوە. ئەگەرەكان بریتین لە: خوێنبەربوون لە مێشكدا، لیككردنی شلەی مێشك و پەتكەدەمار CSF، گیرانی خوێنهێنەر لە ناوچەی سەردا، هەوكردن لە مێشكدا، گۆڕانی كتوپڕی پەستانی خوێن، زەبر بۆ ناوچەی سەر، جەڵتەی مێشك، ئاستی زۆر بەرزی پەستانی خوێن لە دوا هەفتەكانی دووگیانیدا، ئەنجامدانی كاری فیزیكیی زۆر قورس.
2. سەرئێشەیەك كە هاوكات بێت لەگەڵ چەند نیشانەیەكی وەكو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، رەقبوونی مل، شێوانی دەروونی، پەركەم، بێهێزی، گرفت لە قسەكردندا، تێكچوونی بینین، سەرسووڕان، تێكچوونی هاوسەنگیی لەش، یان كەوتن، هەستكردن بە سڕبوون، یان تەزینی پەلەكان.
3. سەرئێشە ماوەیەك پاش روودانی زەبر بۆ ناوچەی سەر Headtrauma كە توندییەكەی بەرە بەرە زیاد بكات، ئەگەرچی زۆربەی حاڵەتەكانی سەرئێشە پاش زەبری سەر لە 3-6 مانگی پاش زەبر بەرە بەرە سووك دەبن.
4. سەرئێشیەك كە توندییەكەی زیادبكات پاش كۆكە، پژمین، پێكەنین، گریان، جووڵەی لەناكاو، یان مەشقی فیزیكی، ئەم جۆرە سەرئێشەیە لەوانەیە كە لەبەر ئەم ئەگەرانە رووبدات: لاوازبوونی یەكێك لە بۆڕییەكانی خوێن لە مێشكدا، بوونی گرێ لە مێشكدا، لیككردنی شلەی مێشك و پەتكەدەمار.
Top