كابووس بە حاڵەتێك دەڵێن كە كەسێك لە خەوێكی قووڵدا لەپڕ رادەچڵەكێت و واهەست دەكات كە شتێك پاڵەپەستۆی خستۆتە سەر قەفەسی سنگی، بە جۆرێك كە ناتوانێت جەستەی بجووڵێنێت، هەندێك جار ئەو كەسە دەنگێكیش دەبیستێ و تەنانەت شتی سەیرو سەمەرەش دەبینێ، یان كەسەكە هەست بەوە دەكات كە رۆحێك لە ژوورەكەیەتی! تەنانەت هەست بەوە دەكات كە خەریكە لەناو جەستەی خۆی دێتە دەرەوە. لە زانستی پزیشكیدا بەو حاڵەتە دەڵێن: ئیفلیجیی خەو (SLEEP PARALYSIS) ئەوە جۆرێكە لە تێكچوونی خەو، كە ٢٥٪ ی مرۆڤ لە ژیاندا دیویانە. لە حاڵەتی ئاساییدا كە جەستە دەچێتە ناو خەوێكی قووڵەوە، مرۆڤ دەست دەكات بە بینینی خەو، زۆر ئاساییە كە لە كاتی ئەو خەوە قووڵەدا مێشك سەركردایەتیی جەستە نەكات، یان فەرمان لە میشك بۆ جەستە هەڵدەگیرێت هیچ جۆرە پەیامێك لە میشكەوە ناگاتە ماسوولكەكان، هۆكارەكەشی رۆشن و دیارە. كاتێك خەون بە راكردنەوە ببینی واتا پەیامی میشك ناگاتە ماسوولكەكان، چونكە لەكاتی ئەو خەونەدا لەسەر جێگای خۆت هەڵدەستی و دەست دەكەیت بە راكردن لەنتاو ژوورەكەت، كاتێك كە خەونەكە كۆتایی هات و كەسەكە لەو خەوە قووڵە هاتە دەرەوە، یەكسەر مێشك سەرلەنوێ كۆنتڕۆڵی جەستە دەگرێتەوە دەست، بەڵام لەو كەسانەی كە ئیفلیجیی خەویان هەیە، ئەو سیستەمە ئاڵۆز دەبێت، كاتێك كە لە خەوە قووڵەكە هۆشیار دەبینەوە، هێشتا مێشك كۆنتڕۆڵی جەستەی نەكردۆتەوە، بۆیە كەسەكە هۆشیارە و هەموو هەستەكانیشی ئیش دەكەن، بەڵام ناتوانێت بجووڵێت، ئەو حاڵەتە چەند چركەیەك، یان رەنگە یەك خولەك درێژە بكێشێت.