خۆخ Peaches بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە، رێژەیەكی بەرزی ئاو و ریشاڵ، هاوكات لەگەڵ گەلێك ڤیتامین و كانزا و ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت. سوودە تەندروستییەكانی خۆخ: هاندانی كرداری هەرسكردنی خۆراك و خۆپاراستن لە قەبزی، زیادكردنی گەشەی بەكتریای سوودبەخشی كۆئەندامی هەرس، بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش، خۆپاراستن لە گەلێك جۆری هەوكردنی میكرۆبی لەوكاتەی كە خۆخ چالاكیی دژەمیكرۆبی هەیە، پاراستنی تەندروستیی پێست بەتایبەتی پاراستنی لە لۆچبوون و كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی خۆر، بەهۆی پێكهاتە گرنگەكانی خۆخ وەكو بیتا كارۆتین Betacarotene و دژەئۆكسانەكانی دیكە هاوكات لەگەڵ ڤیتامین C كە رۆڵێكی گرنگی لە دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجین هەیە، ئەویش بۆ پاراستنی توانای لاستیكیی پێست و پاراستنی لە شل و شۆڕبوون زۆر پێویستە، پاراستنی تەندروستیی چاو بەتایبەتی پاراستنی چاو لە وشكبوون و لە گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن و تووشبوون بە ئاوی سپی، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتانی پاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە Menopaus، كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، كەمكردنەوی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن و ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین، كەمكردنەوەی ئاستی فشاری ئۆكسان لە لەشدا، باشتركردنی تەندروستیی مێشك و خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزهایمەر، رێكخستنی پەستانی خوێن.