نۆرەی تۆقین PanicAttacks بریتییە لە ترس، یان نیگەرانی و ناڕەحەتییەكی توند و كتوپڕ بەبێ بوونی هۆكارێكی روون، یان هیچ مەترسی و شتێكی خەتەرناك كە لە ماوەی چەند خولەكێكدا دەگاتە لووتكە و بەلای كەم چوار لەم نیشانانە لەخۆدەگرێت، كە بریتین لە: دڵەكوتێ، یان هەستكردن بە زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، خێرابوونی هەناسەHyperventilation، ئارەقەكردن، لەرزین، سەرسووڕان و ئەگەری لەخۆچوون، هەستكردن بە سڕبوون، یان تەزین لە دەست و پەنجەكاندا، هەناسەڕاوكێ، هەستكردن بە لەدەستدانی كۆنتڕۆڵ. هەندێك جار تووشبوو دوچاری نیشانەی توندتر دەبێتەوە، وەكو سینگ ئێشە، یان توندبوون و گرژبوون لە سینگدا، یان ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، هەندێك جاریش نیشانەكانی نۆرەی تۆقین هێندە سەخت دەبن كە تووشبوو دەترسێت لەوەی كە دوچاری نۆرەیەكی دڵ بووبێتەوە. هۆكارە هاندەرەكان: سترێسی توند، بۆنموونە: مردنی كەسێكی نزیك و خۆشەویست، جیابوونەوەی هاوسەر، لەدەستدانی پیشە، هەروەها هۆكارە فیزیكی و نەخۆشییەكان وەكو: ژاراویبوونی گلاندی دەرەقی، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی درێژخایەنی كۆئەندامی هەناسە. بەم هەنگاوانە بەرەنگاری نۆری تۆقین دەبیتەوە: هەناسەی قووڵ هەڵكێشە، دڵنیابە لەوەی كە دوچاری نۆرەی تۆقین بوویت، چاوەكانت دابخە، فشار لەخۆت بكە كە لە بەرزترین ئاستی ئاگاییدا Mindfulnessبمێنیتەوە، تەكنیكەكانی خاوكردنەوەی ماسوولكەكان بەكاربێنە، بیر لەو شوێنە بكەرەوە كە پێیەوە دڵخۆشیت.