ئەو ئامێرە بچووكەی كە لە رێگەی دەنگێكی سافەوە خۆشترین هەست وخۆشیت پێ دەبەخشێت، هاوكات زیانیشی بۆ مرۆڤ هەیە، پزیشكەكان هۆشداری دەدەن لە ڕیژەی بەرزی دەنگی هێدفۆن، كە كاریگەریی راستەوخۆ لەسەر هەستی بیستن دروست دەكات. بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (رامبلر) بەرزترین ئاستی دەنگ كە زیان بە هەستی بیستن دەگەیەنێت (80db)یە، بەڵام بەرزیی دەنگی بەشێكی زۆر لە هێدفۆنەكان دەگاتە (100db)، ئەوەش بە بكوژی هەستی بیستن دادەنرێت، ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەرزیی دەنگ لە (80db) كاریگەری نەرێنی لەسەر هەستی بیستن دروست دەكات، بەتایبەت لەو كەسانەدا كە ڕۆژانە لە ڕێی هێدفۆنەوە گوێ لە موزیك و گۆرانی دەگرن، هەواڵەكە ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە هەستی بیستن كاتێك دوچاری داڕمان دەبێت، كە ناتوانێت جارێكی دیكە كاری خۆی بەباشی ئەنجام بداتەوە، بەجۆرێك كە بەبێ ئەوەی كەسەكە لەسەرەتادا هەست بە هیچ نیشانەیەك بكات، دەنگی بەرزی هێدفۆن كاریگەریی لەسەر ئەو هەستەوەرە دروست دەكات. پزیشكەكان ئامۆژگاریی خەڵك دەكەن كە دەنگی بەرزی هێدفۆن لە نێوان (50-60 db) دابنێن و پاش بەكارهێنانیشی ماوەی دوو بۆ سێ كاتژمێر پشوو بە گوێچكەكانیان بدەن.