زیادبوونی رێژەی چەوری، یان كۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا Fatty liver بریتییە لە تێكچوون، یان بەریشاڵبوونی شانەكانی جگەر Fibrosis لەبەر زیاد كۆبوونەوەی چەوری لە خانەكانی جگەردا، دەرەنجام ئەم خانانە فرمانی دروستی خۆیان لەدەست دەدەن. هۆكارە هاندەرەكان بریتین لە: قەڵەوی، بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، زیادبوونی ئاستی چەورییەكانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین Insulinresistance لە لەشدا، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو، سستبوونی گلاندی دەرەقی، فرەكیسیی هێلكەدان PCOS. گۆڕینی خۆراك رۆڵی گرنگی لە چارەسەركردندا هەیە، بۆنموونە: زیاد خواردنی ئەو خۆراكانەی كە نابنە ئەگەری بەرزبوونەوەی خێرایی ئاستی شەكری خوێن Low-glycemicindex وەكو: برۆكلی، خەیار، پیاز، هەروەها ماسیی چەور وەكو سالمۆن، تونە، یان ماسیی ساردین كە دەوڵەمەندن بە ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا3، لەگەڵ ئاڤۆكادۆ كە چەوریی تەندرووست و چەند ماددەیەكی گرنگ لەخۆدەگرێت، كە رۆڵیان بۆ پاراستنی خانەكان جگەر هەیە، هاوكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە: شیرینی و شلەمەنییە شیرینكراوەكانی وەكو: شیرینەمەنییەكان، سۆدا، شلەمەنییە كاربۆنكراوەكان، خواردنەوە وزەبەخشەكان، ئەلكهول، شیرەی دەستكردی میوە، كێك، نوقوڵ، هەروەها هەویركاری بە ئاردی سپی، یان سەموون، یان نانی سپی كە هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن.