گەڵاكانی سڵق Swisschard دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەكانی A، C، E، K، B1، B2،B5، B6، لەگەڵ كانزاكانی مەگنسیۆم، مەنگەنیز، پۆتاسیۆم، ئاسن، كالسیۆم، سۆدیۆم، كۆپەر، هەروەها ریشاڵ و چەند ئەنزیم و ماددەی دژەئۆكسان لە جۆری فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids و پۆلی فینۆلەكان Polyphenols. سوودە تەندرووستییەكانی سڵق بریتین لە: كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن و كەمكردنەوەی بەرگریی خانەكانی لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین، بۆیە سڵق خۆراكێكی گونجاوە بۆ خۆپاراستن و تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە، پاراستنی تەندرووستیی ئێسك، بەهێزكردنی تواناكانی مێشك، خۆپاراستن لە تووشبوون بە كەمخوێنی، كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، هاندانی كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك، خۆپاراستن لە ئەگەری گەلێك جۆری شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن، خۆپاراستن لە شەوكوێری و كزبوونی بینینی پەیوەست بە تەمەن AMD، هاندانی سووڕی خوێن لە لەشدا.