گەستنی زمان Tongue biting لەكاتی خواردندا حاڵەتێكی باوە و زیاتر لەكاتی خواردنی خۆراك، یان شلەمەنی زۆر سارد، یان زۆر گەرم، یان خواردن بە پەلە روودەدات. گەستنی زمان لە چەند حاڵەتێكی دیكەیشدا روودەدات، بۆنموونە: پاش سڕكردنی ددان لە لایەن دكتۆری ددان، لەكاتی خەودا، لەكاتی سترێسدا، لەكاتی نۆرەی (فێ) لە تووشبووان بە پەركەمدا، لەكاتی زەبر، یان كەوتندا، لەكاتی ئەنجامدانی وەرزش، یان مەشقی فیزیكی. ماوەی چاكبوونەوەی برینی گەستنی زمان بەندە بە سەختیی برینەكە، بۆنموونە: برینی سادە لە ماوەی ئەوپەڕی هەفتەیەكدا لەخۆیەوە چاك دەبێتەوە، بەڵام برینی سەخت پێویستی بە چارەسەری پزیشكی دەبێت و لەوانەیە كەپێویست بە دوورینەوەی برینی زمان بكات، بۆیە چەند هەفتەیەك، یان هەندێك جار چەند مانگێكی دەوێت، تاكو بەتەواوی چاك دەبێتەوە. گەستنی زمان لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوون كە هاوكاتە لەگەڵ ئازاری توند، ئاوسان، سووربوونەوە، یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش. چارەسەر لە ماڵەوە بەم شێوەیەیە: فشاردانی برینەكە بە پارچە قوماشێكی پاك، یان (گۆزی پزیشكی) مەبەستی وەستاندی خوێنبەربوون، دەتواندرێت گیراوەی خوێ پاش هەر ژەمێكی خواردن وەكو غەرغەرە بەكاربهێندرێت، ئەگەر برینكە گەورە بوو، یان خوێنبەربوون نەوەستا، ئەوكاتە پیویست بە سەردانی دكتۆر دەكات.