ڤیتامین B12، یان كۆبالامین Cobalamin گرنگیی زۆری هەیە، بۆنموونە: رۆڵی لە دروستبوونی DNA و خرۆكە سوورەكانی خوێندا هەیە، هەروەها هانی فرمانی دروستیی كۆئەندامی دەمار دەدات، سەرچاوە خۆراكییەكانی بریتین لە: هێلكە، گۆشت، شیر و بەرهەمەكانی. كەمیی ڤیتامین B12زیاتر لە بەساڵاچوواندا بەدی دەكرێت، هەروەها لەو كەسانەدا كە رووەكین، لە رووی خۆراكەوە، یان بەرهەمی ئاژەڵی و هێلكە ناخۆن، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە نەشتەرگەریی لابردنی بەشێكی رێخۆڵەیان بۆ كراوە، لەگەڵ بەكارهێنەرانی دەنكی گلوكۆفەیج (میتفۆرمین (Metformin). نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین B12 ئەمانەن: هەستكردن بە بێهێزی و ماندووبوون، هەناسەڕاوكێ، هەستكردن بە تەزین لە پەنجەكانی دەست وپێدا. كەمی ڤیتامین B12 ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێت، لەوانەیە كە گەلێك ئاڵۆزیی تەندرووستیی لێ بكەوێتەوە، وەكو: هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر، كە دەبێتە هۆی گرفت لە جووڵاندنەوەدا، كولبوونی دەم و زمان، لێلبوون، یان ناڕوونیی بینین لەبەر هەوكردنی دەماری بینین، زیادبوونی ژمارەی لێدانەكانی دڵ كە لە ئەنجامی كەمبوونەوەی رێژەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن لە لەشدا روودەدات، واتە جۆرێكی كەمخوێنی Megaloblasticanemia لەبەر گرفت لە دروستبوونی DNA ی بەرپرس لە بەرهەمهێنانی خڕۆكە سوورەكانی خوێن. رێژەی ئاسایی ڤیتامین B12 لە خوێندا دەگاتە 200-900 نانۆگرام لە هەر میللیلیترێكی خوێندا.