لەوانەیە گەلێك ئافرەت پاش تەمەنی 35 ساڵی بە شێوەیەكی ئاسایی دووگیان بن و بگەنە قۆناغی منداڵبوونێكی ئاسایی و منداڵێكی ئاسایی، بەڵام ریسكی تەندروستی بۆ دایك و كۆرپە لەم تەمەنەدا زیاتر دەبێت. كە ئافرەت دەگاتە تەمەنی 35 ساڵ و بەسەرەوە، ئەگەری تووشبوونی بە چەندین حاڵەت و نەخۆشی زیاد دەبێت لە پێش و لەكاتی دووگیانیدا، بۆنموونە: نەزۆكی و گرفت لە دووگیانبوون لەبەر كەمبوونەوەی ژمارەی هێلكۆكەكان و كەمبوونەوەی توانای پێتێن، نەخۆشیی شەكرە كە لەكاتی دووگیانیش بەردەوام دەبێت و هۆكارە بۆ گەلێك ئاڵۆزیی گشتی و ئاڵۆزی پەیوەست بە دووگیانی و سەقەتی زگماكیی كۆرپە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ژاراویبوونی دووگیانی Preeclampsia كە زیاتر لەپاش هەفتەی 20 ی دووگیانیدا سەرهەڵدەدات، منداڵبوونی پێشوەختە یان ناكام، كەمی كێشی كۆرپە لەكاتی لەدایكبوونیدا، زیادبوونی ئەگەری دووگیانیی جمك یان سیانە، زیادبوونی ئەگەری سەقەتیی زگماكیی كۆرپە، زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی مۆنگۆلیزم یان دیاردەی داون Down syndrome، زیادبوونی ئەگەری لەبارچوون پێش 20 هەفتەی دووگیانی، زیادبوونی ئەگەری گرفتەكانی ویڵاش بەتایبەتی جێگیربوونی ویڵاش لە بەشی خوارەوەی منداڵداندا كە دەبێتە ئەگەری خوێنبەربوون لەكاتی منداڵبووندا، زیادبوونی ئەگەری پێویست بوون بە نەشتەرگەریی قەیسەری، ئەگەری مردنی كۆرپە لەناو منداڵدان لەپاش 20 هەفتەی دووگیانی.