لە توێژینەوەكاندا هاتووە كە جگەرەكێشان هۆكارە بۆ نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دەوروبەر Peripheral artery diseaseبە شێوەی تەسكبوونەوە و كەمبوونەوەی سووڕی خوێن بۆ پەلەكان، ئەم كاریگەرییە تا نزیكەی 30 ساڵ پاش وازهێنان لە جگەرەكێشان هەر بەردەوام دەبێت. باس لەمەش كراوە كە كێشانی 20 جگەرە رۆژانە ئەم ئەگەرە تا 2 هێندە زیاد دەكات، هەورەها كێشانی 40 جگەرە رۆژانە ئەم ئەگەرە تا 4 هێندە زیاد دەكات. نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دەوروبەر بریتییە لە نیشتنی چینێكی پڕ كۆلیستیرۆل لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكانی قاچدا، ئەمەش دەبێتە ئەگەری ئازاری قاچ بەتایبەتی لەكاتی پیادەڕۆییدا هاوكات لەگەڵ دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین و نیشانەی تر. ئەمەش روونكراوەتەوە كە پاش تێپەڕبوونی 30 ساڵ لە وازهێنان لە جگەرەكیشان ئینجا خوێنبەرەكانی دەورەبەر بۆ حاڵەتی ئاسایی پێش دەستپێكی جگەرەكێشان دەگەڕێنەوە، هەروەها بە گوێرەی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ كە 20 ساڵ پاش وازهێنان ئینجا دەگەڕێنەوە حاڵەتی ئاسایی پێش جگەرەكێشان. كەواتە ئەمە راستییەكی زانستییە كە وازهێنان لە جگەرەكێشان چاكبوونەوەی نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دەوروبەر تاودەدات، بۆنموونە ئەم ئەگەرە بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە تەنیا پاش 5 ساڵ لە وازهێنان لە جگەرەكێشان، بێگومان ئەمە ئەگەری نەخۆشیی دڵ و جەلتەی مێشكیش دەگرێتەوە.