هێشتا كەمیی ڤیتامین C كە بە ئەسكەربووت Scurvy ناسراوە لە گەلێك كەسدا بەدی دەكرێت، هۆكارە هاندەرەكان بریتین لە: جگەرەكێشان، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، خۆراكی ناهاوسەنگ، یان بەدخۆراكی، چارەسەر بە ئامێری گورچیلەی دەستكرد Dialysis. نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین C پاش چەند مانگێك لە تووشبوون ئینجا سەرهەڵدەدەن، كە ئەمانەن: زبربوونی پێست لەگەڵ پەیدابوونی گرێی وەكو زیپكە، وشكبوونی پێست، زیادبوونی كاریگەرییەكانی تیشكی خۆر لەسەر پێست، بەتایبەتی لەكە، دەركەوتنی خاڵی سووری زەق لە دەوری رەگی مووەكان، لوولبوونی قژ Coiledhair لەبەر پەیدابوونی گۆڕان لە پێكهاتەی پرۆتینی قژ لەكاتی گەشەكردندا، چاڵبوونی نینۆكەكان بە شێوەی كەوچك لەگەڵ پەیدابوونی خاڵ، یان هێڵی سوور لە ژێرەوەی نینۆكدا، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برینەكان لەوكاتەی كە ڤیتامین C رۆڵی لە دروستبوونی شانەی نوێ و سارێژبوونی بریندا هەیە، ئازار و ئاوسانی جومگە، كە لەوانەیە لە حاڵەتە سەختەكانی كەمیی ڤیتامین C كار بگاتە خوێنبەربوون لەناو جومگەدا، لاوازبوون و پوكانەوەی ئێسك چونكە ڤیتامین C گرنگە بۆ دروستبوونی ئێسك، سووربوونەوە و ئاوسانی پوك هاوكات لەگەڵ خوێنبەربوون، زیادبوونی ئەگەری كلۆربوونی ددان، لاوازبوونی سستمی بەرگریی لەش، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنە میكرۆبییەكان زیاد دەكات، كەمخوێنی لەبەر كەمیی ئاسن لەوكاتەی كە كەمیی ڤیتامین C دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی هەڵمژینی كانزای ئاسن لە كۆئەندامی هەرسدا، هەستكردن بە ماندووبوون و دابەزینی مەزاج، زیادبوونی كێشی لەش، زیادبوونی ئاستی هەوكردنی درێژخایەن و فشاری ئۆكسان Oxidativestress لە لەشدا.