بە گوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیكەی 300 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهاندا بەدەست خەمۆكییەوە دەناڵێنن. شوكولاتەی تاریك Dark chocolate لەوانەیە كە كاریگەریی ئەرێنی بكاتە سەر مەزاج و نیشانەكانی خەمۆكی سووك بكات، ئەم زیانیارییە لە دوا لێكۆڵینەوەكاندا روونكراوەتەوە، باس لەمەش كراوە كە شوكولاتەی تاریك نیشانەكان لە تووشبووان بە خەمۆكی تا رێژەی 70% سووك دەكات. شوكولاتەی تاریك واتە رێژەی كاكاو تیایدا 65% یان بەسەرەوە بێت. شوكولاتەی تاریك ژمارەیەك ماددە لەخۆدەگرێت كە كاریگەریی دەكەنە سەر شانەكانی مێشك و چەند فرمانێك بەتایبەتی هەستكردن بە باشبوونی مەزاج كە نزیكە لە كاریگەریی پێكهاتەكانی ماریجوانا Marijuana، بۆنموونە: شوكولاتەی تاریك ماددەی فینیل ئێتیلەمین Phenylethylamine لەخۆدەگرێت، كە رۆڵی لە رێكخستنی مەزاجدا هەیە. لە لایەكی دیكەشەوە چێژ و بۆنەخۆشەكەی شوكولاتە هاندەرێكی دیكەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی مەزاج، بۆیە زیاتر ئەو جۆرانەی شوكولاتەی تاریك ئەم ئامانجە دەپێكن كە چێژ و بۆنی تەواویان هەیە. جگە لەمانە، شوكولاتەی تاریك ئاستێكی بەرزی ماددە دژەئۆكسان لە جۆری فلافۆنۆیدەكان Flavonoids لەخۆدەگرێت، كە رۆڵیان بۆ كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا هەیە، لەوكاتەی كە ئاستی بەرزی هەوكردن هۆكارێكی هاندەرە بۆ سەرهەڵدانی نیشانەكانی خەمۆكی.