لە چەند لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە كەمیی كانزای زینك، یان تۆتیا پەیوەندی بە نەخۆشیی جگەر هەیە، بەتایبەتی كۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا Fattyliver، هەروەها رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لەم گرفتەی جگەر و ئاڵۆزییە مەترسیدارەكانی وەكو: مۆمبوونی جگەر Cirrhosis، پەككەوتنی جگەر، شێرپەنجەی جگەر. كەمیی زینك هاندەرە بۆ كرداری ئۆكسانی چەوری و نیشتنی لە شانەكانی جگەر. جەخت لەمەش كراوەتەوە كە وەرگرتنی زینك بە شێوەی دەنك، یان كەپسول ئەگەری پەككەوتن و شێرپەنجەی جگەر لە تووشبووان بە زیادبوونی چەوریی جگەر كەم دەكاتەوە، بڕی تەواوی زینك لە لەشدا جگە لە خۆپاراستن لە كۆبوونەوەی چەوری، سوودبەخشە بۆ چەند نەخۆشییەكی درێژخایەنی دیكەی جگەر وەكو: هەوكردنی ڤایرۆسیی جگەر و مۆمبوونی جگەری پەیوەست بە زیاد خواردنەوەی ئەلكهول. سوودەكانی تری زینك: بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش، هاندانی كرداری هەرسكردنی خۆراك، باشتركردنی تەندروستیی پێست و قژ، هاندانی زووچاكبوونەوەی برین، خۆپاراستن لە هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن و فشاری ئۆكسان لە لەشدا. نیشانەكانی كەمیی زینك: هەستكردن بە ماندووبوون، كەمبوونەوەی توانای تەركیز، كەمبوونەوەی هەستی چێژكردن، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین. سەرچاوە خۆراكییەكانی زینك: گۆشت، مریشك، ماسیی سالمۆن، هێلكە، نۆك، كازو، كوولەكەی زستانە، تۆوی گولەبەڕۆژە.