چەورییە هایدرۆجینكراوەكان Hydrogenatedoils، یان چەورییە نێوەندەكان Transfats بە شێوەیەكی سەرەكی لە پیشەسازی خۆراكدا بە كرداری هایدرۆجینكردنی زەیتی رووەكی، لە دۆخی شلییەوە بۆ دۆخی رەقی بە مەبەستی زیاتر مانەوە بێ تێكچوونی شێوە و رەنگ و بۆن دروست كراون، ئەم چەورییانە ئاستی كۆلیستیڕۆڵی خراپ LDL بەرزدەكەنەوە و ئاستی كۆلیستیڕۆڵی باش HDL لە خوێندا كەم دەكەنەوە، بۆیە بە مەترسی بۆ تەندروستیی دڵ هەژمار دەكرێن. سەرچاوەكانی چەورییە هایدرۆجینكراوەكان: كەرەی دەستكرد(مارگەرین Margarine)، رۆنی رەق Ghee، كرێمی قاوە، خۆراكی سووركراوە لە زەیت، خۆراكی خێرا، خۆراكی ئامادە و پرۆسێسكراو. زیانەكانی چەورییە نێوەندەكان ئەمانەن: زیادبوونی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین تا رێژەی 40%، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو زیاد دەكات، تێكدانی ناوپۆشی خوێنبەرەكان، زیادبوونی ئەگەری شێرپەنجە، زیادبوونی ئاستی هەوكردن لە لەشدا كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان زیاد دەكات، بۆنموونە: نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرە، هەوكردنی جومگەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادبوونی چەوریی دەوری سك. بۆیە هەوڵبدە بە خوێندنەوەی نووسراوی سەر خۆراكەكان بە وردی لەگەڵ كەمكردنەوەی خۆراكی پرۆسێسكراو و خۆراكی خێرا دووربكەویتەوە لە چەورییە نێوەندەكان.