پاك راگرتنی چەرچەف و بەرگی دۆشەك لەگەڵ بەرگی سەرین و پێداویستییەكانی دیكەی یاتاغی نووستن، گرنگی بۆ خەوی دروستی دوور لە هەستەوەری و بەكدیكەیا و ئەسپێی ورد هەیە، شووشتنی هەموو پێداویستییەكانی یاتاغی نووستن، هەفتانە بە ئاوی گەرم و لابەری رەنگ و لەكە Bleach وەكو (فاس) پێویستە و رۆڵی بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی ئەسپێیە وردەكان و كۆبوونەوەی گەرد و تۆز و بەكدیكەیا هەیە. ئەسپێی وردی زەڕەبینی Dustmites كە لەناو دۆشەك و پێداویستییەكانی دیكەی یاتاغدا دەژین، هۆكارن بۆ هەستەوەریی توند. نیشانەكانی هەستەوەری بەم ئەسپێ وردانە بریتین لە: پژمین، زیادبوونی دەردراوی لووت، زیاد فرمێسكرشتن، خورشت و سووربوونەوەی چاوەكان، گیرانی لووت، كڕانەوەی لووت و قوڕگ، ئاوسان و شینبوونی رەنگی پێستی بەری چاو. بەرگی دۆشەك و سەرین مۆڵگەی باشن بۆ گەشەی بەكتریا كە گەرد و قڕێژ و ئارەقە هەڵدەمژن، هەروەها ڤایرۆسەكان بۆنموونە: ڤایرۆسی هەڵامەت كە بە ئاسانی لە كەسی تووشبووەوە بۆ بەرگی دۆشەك و سەرین دەگوازرێنەوە، هەر لەبەر ئەمەیە كە نەخۆشخانەكان گرنگیی زۆر بە پاكوخاوێنیی چەرچەف و بەرگی دۆشەك و سەرینەكان دەدەن، جا بە زوو شووشتن بێت، یان گۆڕینیان.