بە پێی نوێترین لێكۆڵینەوە، تووڕەبوونی رۆژانە پەیوەندی هەیە بە بەرزبوونەوەی ئاستی هەوكردن كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو نەخۆشیی دڵ و هەوكردنی جومگە و شێرپەنجە زیاد دەكات، بەتایبەتی لە بەساڵاچوواندا، كەچی خەم، یان دڵتوندی Sadness لەوانەیە كە یارمەتیدەر بێت بۆ خۆڕێكخستنەوە و زیاتربوونی توانای بەرەنگاربوونەوەی گرفتە فیزیكی و دەروونییەكان. خەم دەبێتە هۆی زیادبوونی پەیوەندی و ناردنی سیگناڵەكان لە نێوان خانەكانی چەند بەشێكی تایبەتی مێشكدا، كە تایبەتن بە مەزاج و یاد، خەم هۆكارە بۆ دابەزینی مەزاج كە كاریگەری دەكاتە سەر شێوەی بیركردنەوە لەگەڵ گۆڕان لە سروشتی خەو و ئارەزووی خواردن، بۆنموونە: خەوزڕان، یان نووستنی قووڵ هاوكات لەگەڵ بێهێزبوونی سستمی بەرگریی لەش، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد دەكات. لەكاتی تووڕەبووندا Anger، لێدانەكانی دڵ زیاد دەكەن، فشار لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكان بەرزدەبێتەوە، تێكڕای هەناسە زیاد دەكات، پلەی گەرمیی لەش بەرزدەبێتەوە،پێست ئارەقەدەكات، ئاستی بەرهەمهێنانیی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن زیاد دەبێت، ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol (كە بە هۆرمۆنی سترێس ناسراوە) دادەبەزێت، لای چەپی مێشك زیاتر چالاك دەبێتەوە، خوێن لە دەوروبەری رێڕەوەكانی هەرس دەكشێتەوە بۆ ماسوولكەكان. تووڕەبوونی كۆنترۆڵنەكراو دەبێتە ئەگەری پەستی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەگەڵ سەرئێشە، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكات و سستمی بەرگریی لەش لاواز دەكات. هەندێك جار تووڕەبوونی لەرادەبەدەر هۆكارە بۆ هەڵبژاردن و بڕیاری هەڵە، تێكچوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، لەوانەشە كە كار بگاتە بەكارهێنانی توندوتیژی