پیازی شیرین Sweet onions ماددەی خۆراكیی گرنگ لەخۆدەگرێت، بۆنموونە: ڤیتامین C كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و بۆ دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجین و رێكخستنی سستمی بەرگریی لەش گرنگە، ڤیتامینەكانی B1، B6، B9، یان فۆلەیت كە هاندەرن بۆ كرداری میتابۆلیزم و پاراستنی خڕۆكە سوورەكان و دەمارەخانەكان، پیاز پتر لە 100ئاویتەی گرنگ لەخۆدەگرێت كە هەموویان مادەی گۆگردیان تێدایە. پیاز سیفەتی دژەبەكتریای هەیە، هەروەهاپۆتاسیۆم لەخۆدەگرێت كە گرنگە بۆ هاوسەنگیی شلەی لەش و فرمانی گورچیلە و ماسوولكەكان. سوودەكانی دیكەی پیازی شیرین: دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆڵ و چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، پیاز زیاتر لە 25 جۆری ماددەی دژەئۆكسان لە گروپی فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids لەخۆدەگرێت، كە بایەخی تەندروستیی زۆریان هەیە، بۆنموونە: رێژەیەكی بەرز لە ماددەی دژەئۆكسانی كوێرسێتین Quercetin لەخۆدەگرێت، كە ئاستی هەوكردن لە لەشدا كەم دەكاتەوە، كە هاوكاتە لەگەڵ پاراستنی تەندروستیی دڵ و دابەزاندنی پەستانی خوێن، خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن. بۆیە پیاز خۆراكێكی گونجاوە بۆ خۆپاراستن لەتووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، خۆپاراستن لە چەند جۆرێكی شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی گەدە و كۆڵۆن، پاراستنی چڕی، یان پتەویی ئێسك، پاراستنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس لە رێگای هاندانی گەشەی بەكتریای سوودبەخش لە ریخۆڵەدا.