دڵتوندی، یان خەم Sadness هەستێكە كە هەموو كەسێك لە كاتی جیاوازدا بە درێژایی ژیان دەیچێژێت. هەستی دڵتوندی كاردانەوەیەكی سروشتیی ئاساییە بەرانبەر بە بارودۆخ و بزوێنەرە ناخۆشەكانی ژیان. دڵتوندی لەوانەیە كە سووك، یان مامناوەند، یان توند بێت، بەڵام هەستێكی كاتییە و بۆ ماوەی پتر لە دوو هەفتە بەردەوام نابێت، هەر ئەمەشە كە لە خەمۆكی جیای دەكاتەوە. خەمۆكی Depression حاڵەتێكی درێژخایەنترە و كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر باری كۆمەڵایەتی و پیشە و چالاكیی گرنگی تر، كە ئەگەر چارەسەر نەكرێت، ئەوا نیشانەكان بۆ ماوەیەكی درێژتر بەردەوام دەبن و كوالێتی ژیان بە تەواوی خراپ دەكەن. خەمۆكی بەوە لە دڵتوندی جیادەكرێتەوە كە هەستە نێگەتیڤەكان كاریگەری دەكەنە سەر هەموو لایەنەكانی ژیان و لەوانەیە كە هەستكردن بە خۆشی لە هەر شتێك كارێكی مەحاڵ بێت. خەمۆكی نەخۆشییەكی دەروونییە، نیشانەكانی بریتین لە: هەستكردنی بەردەوام بە دڵتوندی، ناڕەحەتی، هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون، گۆڕان لە سروشتی خەودا، گرفت لە تەركیز، نائۆمێدی، ونبوونی حەز بۆ هەموو چالاكییەكان، نیشانەی جەستەیی وەكو سەرئێشە و ئازاری گشتیی لەش، هەستكردن بە بێبەهایی، بیركردنەوە لە خۆلەناوبردن.