ئەمە دەیان ساڵە وەكو هەنگاوێكی سادە بۆ خۆپاراستن لە سەرهەڵدانی نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك و گرفتی دیكەی كۆئەندامی دڵ و سووڕان باس لە ئەسپرین Aspirin دەكرێت، بەڵام ئایا بەكارهێنانی رۆژانەی دەنكێ ئەسپرین بە ژەمێكی بچووك بۆ هەموو كەسێك پێویستە و ئەم ئامانجە دەپێكێت، یان زیانی لە سوودی زیاترە؟ پسپۆڕان هەرگیز رێنمای ئەوە ناكەن كە هەر كەسێك لەخۆیەوە بۆ ئەم مەبەستە رۆژانە ئەسپرین بە ژەمی بچووك بەكاربێنێت، چونكە لەوانەیە كە زیانی لابەلای مەترسیداری لێبكەوێتەوە، بۆنموونە: خوێنبەربوونی ناوەوەی لەش بەتایبەتی لە رێڕەوەكانی كۆئەندامی هەرسدا كە بە پێی ئامارە پزیشكییەكان لە 30%ی بەكارهێنەرانی ئەسپریندا بەدی دەكرێت. ئەمە سەلمێنراوە كە بۆ كەسانی تووشبوو بە نۆرەی دڵ رۆژانە وەرگرتنی دەنكێكی 81 یان 100 ملگم ئەسپرین سوودی هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نۆرەیەكی دیكەی دڵ لە ئاییندەدا، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دووەم لە ئافرەتدا كەم دەكاتەوە، كە لە رابردوودا دوچاری جەڵتەیەكی مێشك بووبێت.