بەهای خۆراكیی میوە مزرەكان

بەهای خۆراكیی میوە مزرەكان
میوە مزرەكان CitrusFruits وەك: لیمۆ، پرتەقال، لالەنگی، سندی، سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە و رۆڵێكی گرنگی بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە و بەهێزكردنی بەرگریی لەش و هاندانی چاكبوونەوەی برین هەیە. میوە مزرەكان ڤیتامینەكانی B، پۆتاسیۆم، مەگنسیۆم، فۆسفۆڕ و كۆپەر لەخۆدەگرن، لەگەڵ زیاتر لە 60 جۆر لە ماددە ژدەئۆكسانەكانی فلاڤۆنۆیدەكان و كارۆتینۆیدەكان كە لە بەها خۆراكییە بەرزەكەی میوە مزرەكان بەرپرسن، چونكە جگە لە هاوسەنگكردنەوەی كاریگەرییەكانی كرداری ئۆكسان، چالاكیی دژەهەوكردنیشیان هەیە، واتە ئاستی هەوكردن لە لەشدا كەم دەكەنەوە. میوە مزرەكان ترشی میوە CitricAcid لەخۆدەگرن كە یارمەتیی لەش دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكان، هەروەها ریشاڵ كە رۆڵی بۆ باشتركردنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس و كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش و دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیڕۆڵ لە خوێندا هەیە. سوودە تەندروستییەكانی دیكە بریتین لە: كەمكردنەوەی ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە، خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەند جۆرێكی شێرپەنجەی وەك: شێرپەنجەی سییەكان، پەنكریاس، گەدە، سوورێنچك، مەمك، هەروەها پاراستنی تەندروستیی دڵ لە رێگای كۆنتڕۆڵكردنی پەستانی خوێن و دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی خراپ و بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی باش لە خوێندا، پاراستنی تەندروستیی مێشك و خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی پاركینسۆن و ئەلزهایمەر.
Top