فرمێسكی دەستكرد Artificialtears بۆ شێداركردنەوەی چاوی وشك بەكاردێت بە مەبەستی كەمكردنەوە و پاراستنی لە هەوكردن، نیشانەكانی وشكبوونی چاو بریتین لە: هەستكردن بە سووربوونەوە و سووتانەوەی چاو، خورشت، ناڕەحەتیی چاو بە تیشك Lightsensitivity، هەستكردن بە بوونی تەنی بیانی لە چاودا. فرمێسكی دەستكرد بە شێوەی دڵۆپ و جێل و مەرهەمی چاو لەبەردەستدان، بەگشتی دڵۆپی فرمێسكی دەستكرد رۆژانە 1-2 جار بەكاردێت، مەرهەمیش تەنیا پێش كاتی نووستن. زیانی لابەلای بەكارهێنانی فرمێسكی دەستكرد: لێڵبوونی بینین بە شێوەیەكی كاتی بەتایبەتی پاش یەكەم بەكارهێنان، هەستكردن بە سووتانەوەی چاو كە ئەمەش كاتییە، هەندێك جاریش سووربوونەوە و ئازاری چاو، یان گۆڕان لە بینیندا، زۆر بە دەگمەنیش هەستەوەری بەرانبەر بە پێكهاتەكانی فرمێسكی دەستكرد روودەدات، كە نیشانەكانی بریتین لە: سووربوونەوە و خورشتی چاو، ئاوسان، سەرسووڕان. فرمێسكی دەستكرد بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ حاڵەتی وشكبوونی چاو بەكاردێت، هۆكارەكانی وشكبوونی چاو ئەمانەن: تەمەن بەتایبەتی لە ئافرەتان پاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە، زیاد بەركەوتنی چاو بە تیشكی خۆر و گەرد و با، زیاد بەكارهێنانی كۆمپیوتەر، زیاد خوێندنەوە، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، وەكو نیشانەیەكی هەوكردنی رۆماتۆیدی جومگەكان.