ئاسن Iron بەشێكی گرنگی هیمۆگلۆبینە لەناو خڕۆكە سوورەكانی خوێندا كە گازی ئۆكسجین لە سییەكانەوە بۆ هەموو بەشەكانی دیكەی لەش دەگوازێتەوە. كەمیی ئاسن لە لەشدا دەبێتە هۆی كەمخوێنی، كە باوترین جۆری كەمخوێنییە و هۆكارە بۆ گەیشتنی رێژەیەكی كەمتری ئۆكسجین بە خانەكانی رەگی قژ، دەرەنجام قژ لاواز دەبێت و زووتر و بە رێژەیەكی زیاتر لە ئاسایی هەڵدەوەرێت. لە لایەكی دیكەوە، كەمخوێنی لەبەر كەمیی ئاسن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن كە هۆكارە بۆ تووشبوون بە كەمیی ڤیتامین و كانزای دیكە، ئەمەش بە دەوری خۆی دەبێتە هۆی تەنكبوونی قژ. هەر چەند یەدەكی ئاسن لە لەشدا زیاتر بێت هێندە ئەگەری تەنكبوونی قژ كەم دەبێتەوە. كەمیی ئاسن باوترین حاڵەتەكانی كەمیی كانزاكانە، بەتایبەتی لە ئافرەتدا و بەتایبەتریش لەو ئافرەتانەی كە بڕێكی زۆری خوێنیان لەكاتی سووڕی مانگانەدا لەبەر دەڕوات. ئەگەر كەمیی ئاسن لە لەشدا زوو دەستنیشان بكرێت و چارەسەربكرێت، ئەوا تەنكبوونی قژ زوو رێگای لێ دەگیرێت و بەباشی چارەسەر دەكرێت. سەرچاوە خۆراكییەكانی ئاسن بریتین لە: گۆشت، جگەر، هێلكە، پاقلەمەنییەكان، سەوزە گەڵا تاریكەكان بەتایبەتی سپێناغ.