لە رەمەزاندا هەوڵبدە خواردنەوەی چای و قاوە كەم بكەیتەوە

لە رەمەزاندا هەوڵبدە خواردنەوەی چای و قاوە كەم بكەیتەوە
چای، قاوە، كاكاو، كۆلا بە شلەمەنییە كافائینیەكان ناوزەد دەكرێن، چونكە ماددەی كافائین Caffeine لەخۆدەگرن. كافائین دەبێتە هۆی زیادبوونی هاتووچۆی خوێن بۆ گورچیلەكان و كەمكردنەوەی هەڵمژینی ئاو و سۆدیۆم لە گورچیلەكاندا، ئەم كاریگەرییەی كافائین لەوانەیە كە بۆ ماوەی زیاتر لە 5 كاتژمێر بەردەوام بێت. ئەگەرچی كافائین ئاستی وزە بۆ ماوەیەكی كورت بەرزدەكاتەوە، بەڵام پاش راهاتن لەسەر خواردنەوە كافائینییەكان، كوپێكی مام ناوەندی ئەم ئەنجامە ناپێكێت، بۆیە بڕێكی زیاتر دەخۆیتەوە و راهاتنەكەش قووڵتر دەبێت، بەمەش ئاستی ونكردنی ئاو لە كۆئەندامی میزەڕۆدا زیاتر دەبێت و رۆژووان دوچاری هەستكردن بە تێنووێتی دەكات، بۆیە واباشترە كە لە مانگی رەمەزاندا بە پێی توانا خواردنەوەی ئەم شلەمەنییانە كەم بكرێتەوە. زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكان دەبێتە هۆی زیانی لابەلای وەك: زەردبوون و ئەگەری كلۆربوونی ددان، بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، خەوزڕان، زوو هەڵچوون و تووڕەبوون، هەستكردن بە ناڕەحەتی، گۆڕان لە پەستانی خوێن و لێدانەكانی دڵدا، زوو میزكردن، كەمبوونەوەی ئاستی هەڵمژینی كانزاكانی ئاسن و زینك و كالسیۆم لەگەڵ ڤیتامینەكانی A، B، C لە كۆئەندامی هەرسدا، ناڕەحەتیی گەدە و زیادبوونی ترشەڵۆكی گەدە و بێهێزبوونی ماسولكەكان.
Top