كاتێك كە ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە چی روودەدات؟

كاتێك كە ئاستی شەكری خوێن بەرزدەبێتەوە چی روودەدات؟
بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن Hyperglycemia كە بەردەوام بێت، ئەوا دەبێتە ئەگەری بەیەكەوەنووسانی پرۆتینەكان و چەورییەكان و خانەكان لەناو خوێندا، بەمەشەوە هاتووچۆی خوێن كزدەبێت و لەوانەیە كە هەندێك ماددە بە ناوپۆشی خوێنبەرەكانەوە بنووسێن و ببنە ئەگەری پەیدابوونی تۆپەڵی خوێنی مەییو. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن زیان بە هەموو شانەكان لە هەموو بەشەكانی لەش دەگەیەنێت، ئەگەر بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن بە خێرایی كۆنتڕۆڵ نەكرێت، ئەوا زیانە تەندروستییەكانی زیاتر دەبن، بۆنموونە: گرفتەكانی تۆڕی چاو، تێكدانی بۆرییە وردەكانی خوێن، تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، تێكچوونی موولوولەكانی خوێن لە گورچیلەدا و هەوكردنی دەمارەكان Neuropathy. نیشانەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن بریتییە لە: زیادبوونی هەستكردن بە برسیبوون و تینوبوون، سەرئێشە، گرفت لە تەركیز، زوومیزكردن، هەستكردن بە ماندووبوون و بێهێزیی لەش، لێڵبوونی بینین، ناڕەحەتیی گەدە و هێڵنج، هەستكردن بە ناڕەحەتیی دەروونی. ئاستی شەكری خوێن لەوكاتەدا بە ئاستی زۆر بەرز هەژمار دەكرێت كە دەگاتە 240 ملگم/دێسیلیتر، یان بەرزتر، ئەمەش زیاتر لە نەخۆشانی شەكرەدا بەدی دەكرێت لەوكاتەی كە دەرمان بە دروستی وەرناگرن، یان ژەمی گەورە و قورس دەخۆن، یانیش لەوكاتانەی كە مەشقی وەرزشی ئەنجام نادەن، جگە لەمانە لەكاتی سترێس و بوونی هەوكردن لە لەشدا، هەندێك جاریش وەكو زیانی لابەلای بەكارهێنانی چەند دەرمانێك ئاستی شەكری خوێن بەرز دەبێتەوە.
Top